زیاتر لە 500 مین و پارچە تەقەمەنی نەتەقاوە لەناو دەبرێن
لە راگەیاندراوێكدا بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی ھەولێر ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییە نەتەقاوەكان لە چاڵی چۆمباڵۆكی سنووری ناحیەی سیملانی سەر بە قەزای چۆمان زیاتر لە 500 مین و پارچە تەقەمەنی نەتەقاوەیان لە ناوبرد".
لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش روونكراوەتەوە، مێژووی ھەبوونی ئەو پارچە تەقەمەنیانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس لە عێراق و شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران.
ھەرچەندە لە دوای راپەڕینی ساڵی 19991، چەندین رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی لەبواری مین لابەری لە ھەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام تائێستا زۆر لەناوچەكانی ھەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە مین و تەوەمەنی ماوە، ناوچەكانی سۆران و چۆمان و رواندز لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەو پێیەی كەوتوونەتە سەر سنووری ئێران چەندین مین و تەقەمەنی وەك پاشماوەی شەڕی عێراق- ئێران ماوەتەوە، لەم چەند ساڵەی دوایشدا ژمارەیەك ھاووڵاتی ئەو ناوچانە بەھۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە یان كەمئەندام بوون.
k24 -
