چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو بازاڕی خورماتوودا گه‌نجێكی كورد بریندار ده‌كه‌ن
تا ئێستا چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی، له قه‌زای خورماتوودا هه‌ن و ژماره‌یه‌كیشیان وه‌ك ئاساییشی نهێنی، زانیاری له گه‌ڕه‌كه‌كانی خورماتوو كۆ ده‌كه‌نه‌وه و دواتر ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت ده‌یكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به لایه‌نه فه‌رمییه‌كان و ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانی دیكه بكه‌ن و خۆیان به هێزی یه‌كه‌م ده‌زانن له ناوچه‌كه‌دا.
ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه دۆسییه‌ی ته‌ناهیی قه‌زای خورماتوو، ڕاده‌ستی پۆلیس و ئاسایش نه‌كراوه‌ته‌وه و تا ئێستاش له چه‌ندین شوێنی ناو گه‌ڕه‌ك و شوێنه گشتییه‌كانی خورماتوو، هێزی هاوبه‌شی حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌ی به‌رگری و فریاكه‌وتن هه‌ن و كه‌متر ڕۆڵ ده‌درێته پۆلیس و ئاساییش، پتر جموجۆڵ و چالاكییه‌كان له ناوه‌ندی قه‌زای خورماتوو له لایه‌ن هێزه هاوبه‌شه‌كه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش دوای ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌رپرسان یه‌كێتی، دوای شه‌ڕی مانگی نیسانی ئه‌مساڵی نێوان حه‌شدی شه‌عبی و دانیشتووانی خورماتوو هات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهی له قه‌زای خورماتوو ڕای گه‌یاند: "ئێستا به‌رپرسی یه‌كه‌می چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له خورماتوو به فه‌رمی كه‌سێكه به ناوی سه‌ید حه‌مزه كه‌ربه‌لایی، ته‌مه‌ن 55 ساڵ و دانیشتووی شاری كه‌ربه‌لایه، به‌ڵام ده‌وامه‌كه‌ی له خورماتووه، بۆیه له‌نێوان چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌ی به‌رگری و فریاكه‌وتن هه‌ر كێشه و گرفتێك ڕوو بدات به فه‌رمی وه‌ك لایه‌نی حه‌شد ڕوو له سه‌ید حه‌مزه كه‌ربه‌لایی ده‌كرێت".
ئه‌حمه‌د شێخ له‌نگه‌ری، به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گه‌یاند: "ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵه، سه‌ره‌ڕای بانگهوازییهكانمان بۆ ده‌ركردنی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له سنووری قه‌زای خورماتوو، به‌ڵام هێشتا ئه‌و چه‌كدارانه له ناوه‌ندی قه‌زاكه و ده‌وروبه‌ریدا هه‌ن و ئێستاش به‌رده‌وامن له كوشتن و بڕینی هاووڵاتییانی خورماتوو و ده‌ستیان له تێكدانی دۆخی ته‌ناهیی خورماتوو هه‌یه و به بڕوای ئێمه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایش ده‌توانن خورماتوو بپارێزن نه‌ك چه‌كدارانی میلیشیایی حه‌شدی شه‌عبی، دوایین كردهوهشیان دژ به كورد، چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا له‌ناو بازاڕی گه‌وره‌ی خورماتوو، به ئاشكرا و له‌پێش چاوی هاووڵاتییان ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی، هه‌ڵیان كوتاوه‌ته سه‌ر هاووڵاتییه‌كی كوردی خورماتوو و به توندترین شێوه ئازاری جه‌سته‌یان داوه و برینداریان كردووه و دواتر گه‌یه‌ندراوه‌ته نه‌خۆشخانه، ئه‌م كاره‌شیان بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌و هاووڵاتییه به نه‌ته‌وه كورده و نابێت پێ بنێته نێو بازاڕی گه‌وره‌ی خورماتوو، پێشتریش ئه‌و هاووڵاتییه كورده، دوكانه‌كه‌ی له‌نێو بازاری خورماتوو، له لایه‌ن سه‌رانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه سووتێنراوه".
به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی له خورماتوو گوتیشی: "دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی، له گوندی (یافا)ی سه‌ر به خورماتوو باره‌گایان كردووه‌ته‌وه و هه‌ر گه‌نجێ بیه‌وێت ده‌توانێت بڕوات و ببێته چه‌كداری ئه‌وان، به‌ڵام پێویسته گه‌نجه‌كه خۆی چه‌ك بكڕێت و نوێن و پێداویستیی تر له‌گه‌ڵ خۆی ببات، ژماره‌یه‌ك له گه‌نجانی كوردیش چوونه ناوی خۆیان نوسیووه بۆ پێكهێنانی لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی و ئێستاش لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كانی خورماتووی نیگه‌ران كردووه“.
سه‌باره‌ت به بوونی گرووپی چه‌كداریی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قی سه‌ر به چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌حمه‌د شێخ له‌نگه‌ری ئاشكرای كرد: ”ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌قه‌وه له به‌غداوه لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا و هاتنه خورماتوو و باره‌گاكه‌یان داخست و كه‌لوپه‌له‌كانیان برد و دوو به‌رپرسی ئه‌و گرووپهشیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد، ئێستا ئه‌و باره‌گایه‌یان داخراوه، هۆكاره‌كه‌شی ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه كێشه و ململانێی ناوخۆیانه، چونكه ئه‌و گرووپه چه‌كدارییه، گرووپێكی په‌رته‌وازه و بێ سهروبهرترن له هێزه‌كانی دیكه‌ی حه‌شدی شه‌عبی".
باسنيوز
