وەزارەتی ئەوقاف: بۆ هیچ حزبێک نییە بەرپرسانی ئێران ڕاستەوخۆ بانگهێشتی کوردستان بکات

 وەزارەتی ئەوقاف: بۆ هیچ حزبێک نییە بەرپرسانی ئێران ڕاستەوخۆ بانگهێشتی کوردستان بکات
وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە بەشداریکردنی ژمارەیەک بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆنفرانسی شافعی لە شاری سلێمانی، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە و نامەیەکی ناڕەزایی پێشکەش بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، ڕایگەیاند: “بۆ هیچ حزبێکی کوردستان نییە، بانگهێشتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات بۆ ناو کوردستان، چونکە ئەوە پرۆتۆکۆلییە و پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە ئەوەی کراوە لە کۆنفرانسی شافعی لە سلێمانی، پێچەوانەی ئەو بنەمایانە بوون کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایناوە”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەمڕۆ سکاڵامان گەیاندە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت، لەناو سکاڵاکە باسی ئەوەمان کردووە کە بە چ پێوەرێک، بەبێ ئاگاداریی وەزارەتی ئەوقاف، گەورە بەرپرسانی ئێران دێنە باشووری کوردستان و لە کۆنفرانسێکی وەهادا بەشداری دەکەن؟".

رۆژی 21\12\2016 لە شاری سلێمانی، کۆنفرانسی شافعی بە بەشداریی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو کە تێیدا نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بەشدار بوون. دواتر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە کۆنفرانسی شافیعی بە دەستتێوەردانی ئێران لە کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەزانن و بەبێ ئاگاداریی ئەوان کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆنفرانسەدا هەریەک لە ئایەتوڵڵا حوسێنی شاهروودی، نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای سنە و شاندێکی باڵای ئێران بەشدارییان کردووە.













باسنیوز
Top