ئەڵمانیا کەلوپەلی سەربازی بۆ پێشمەرگە دەنێرێت
کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی فەرمیی کونسوڵخانەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر چەند وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی بە فڕۆکەیەکی گەورە هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە ناردووە.
کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە تویتەکەدا بەبێ ئاماژەکردن بەوەی هاوکارییەکان کەی نێردراون، رایگەیاندووە، هاوکارییەکان بریتین لە پێداویستیی پزیشکی و پارچەی یەدەگی ئامێرە سەربازییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فینلەندا، هۆڵەندا، هەنگاریا، نەرویج و ئەمریکا بە مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
