کۆسرەت رەسوڵ: دەوڵەتی کوردستان بۆ من خەون نییە و راستەقینەیە
کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "کۆڕێری دێلە سێرا"ی ئیتاڵیدا رایگەیاندووە، کە ئێستا بەهۆی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، ”هەموو جیهان ئاگاداری خەباتی گەلی کوردە و هەولێریش لەسەر نەخشەی جیهانە“.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی بە پێویستی دەزانێ رێککەوتننامەیەکی نوێ بۆ دابەشکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکرێت، تاوەکو هەموو میللەتان بە تایبەت گەلی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی بژین، ”کوردستان ناکرێ بەم شێوەیە بەردەوام بێت“.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، کە سەربەخۆیی کوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بۆ ئەو خەون نییە، ”کوردستانێکی ڕاستەقینە دەبینم“، کە لەسەر شێوەی وڵاتانی رۆژئاوا دابمەزرێ نەک وڵاتانی عەرەبی، چونکە لە وڵاتانی عەرەبی ”دیموکراسی نییە“.
بە گوتەی کۆسرەت رەسوڵ، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، ”یەکەم هەنگاو“ی پارتە کوردستانییەکان واژۆکردنی پەیماننامەیەک دەبێت، بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر یەک فەرماندەیی و هیواش دەخوازێت هێزەکانی پێشمەرگە ”بە چەکی نوێی ئەوڕوپی پڕچەک بکرێن“.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی، کە یەکێکە لە فەرماندەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێشمەرگە و وڵاتانی ئەوروپی لە یەکە بەرە دژی ”تیرۆریستان“ شەڕ دەکەن، ”شەڕی ئێمە تەنھا بۆ کورد نییە، بۆ ئێوەشە“.
ئەو سەرکردە سیاسیی و سەربازییەی کوردستانی باشوور پێیوایە شەڕی دژی داعش ”زوو تەواو نابێ“ و ئەمەش بە ”مەترسیدار“ بۆ هەموو جیهان دادەنێت و رایگەیاندووە، یعش ”جینۆساید“ی دژی مەسیحییەکان و کوردانی ئێزدی ئەنجام داوە و ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەو تاوانانەش هەیە.
کۆسرەت رەسوڵ رەخنە لە رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەگرێت، کە داعش و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک یەک دادەنێت، لە هەمان کاتدا رایگەیاندووە، کە ”ئێمە لەگەڵ خەباتی چەکداری پەکەکە نین“ و داوای گفتوگۆ و دانوستاندن لە پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا دەکات.
باسنيوز
