قوتابیانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی تاقیكردنەوەی بەرایی ئەنجام نادەن
كەریم لەتیف بەرێوەبەری گشتی ئەزموونەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو تاقیكردنەوەی بەرایی بۆ قوتابیانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی ئەنجام نەدرا، واپێدەچێت ئەمساڵیش بە هەمان شێوە ئەنجان نەدرێت، چونكە ئەو تاقیكردنەوەیە بۆ هەڵسەنگاندنی قوتابیانی پۆلی شەشەم دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەو ڕەوشە نالەبارەی تووشی پەوەردە هاتووە و دەوام نەكردنی بەشێكی زۆری قوتابخانەكان لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان، ئەگەری زۆرە ئەگەر بێت ئەو تاقیكردنەوەیە ئەنجامیش بدرێت، هەڵسەنگاندنمان بۆ ناكرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان گوتیشی: "تا ئێستا بەشێكی زۆری قوتابخانەكان دەرگاكانیان بەڕووی قوتابیاندادا داخستووە و وانەیەكیش نەخوێندراوە، بۆیە ناكرێت ئەو تاقیكردنەوەیە لە بەشێك بەرێوە بچێت و لە شوێنێكی دیكە ئەنجام نەدرێت، بەو هۆیەشەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئەمساڵیش ئەو تاقیكردنەوەیە ئەنجام نەدرێت."
لە سەرەتای کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و بەشێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای هەڵەبجەش بایکۆتی خوێندن ڕاگەیەندراوە مامۆستایانی ناڕازی بە نەدانی مووچەکانیان ناچنەوە پۆلەکانی خوێندن و بەو هۆیەشەوە نزیكەی 700 هەزار قوتابی لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەكان لە خوێندن بێبەش بوون و بەشێك لە پرۆسەی پەوەردەیان پەك خستووە.
باسنیوز
