ماجید شنگالی: پەکەکە شەڕی ناوخۆی دەوێت

 ماجید شنگالی: پەکەکە شەڕی ناوخۆی دەوێت
نوێنەرێکی خەڵکی شنگال لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیکات، هەوڵدانە بۆ شەڕی ناوخۆ و دەڵێت: “ناکرێت پەکەکە بەم شێوەیە هەڵسوکەوت بکات".

د. ماجید شنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “پەکەکە لە شنگال شەڕی ناوخۆی دەوێت، ئەگەرنا ئەوە ئەمەریکا و ئەورووپا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی دەڵێن شنگال چۆڵ بکە، بەڵام بە گوێی کەس ناکات”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، پەکەکە شوێنی باشووری کوردستان نییە و دەڵێت: “هاتووە خاکی باشووری کوردستانی داگیر کردووە، هێشتا هەڕەشەش دەکات”. جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو کارانەی پەکەکە لە شنگال دەیکات، ئەنجامی نابێت و “تاکە چارەسەر ئەوەیە کە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات”. گوتیشی: “ئاگاداری پەکەکە دەکەینەوە کە واز لە شنگال بهێنێت، چونکە ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆی چووەتە سەر، لێرە بۆی ناکرێت، ئێرە خاوەنی خۆی هەیە، پەرلەمان و حکوومەت و دامەزراوەی ئەمنی هەیە".

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندبوو کە هەر کارێک بۆ جێهێشتنی شنگال لەلایەن پەکەکە پێویست بێت، ئەنجامی دەدەن، تەنانەت ئەگەر بەکارهێنانی هێزیش بێت، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕەتی کردبووەوە شنگال چۆڵ بکەن.





باسنیوز
Top