قایمقامی سلێمانی: یاریی ئاگرین لە بۆنەکانی سەری ساڵدا قەدەغەیە
بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ڕیوڕەسمەکانی ساڵی نوێ (2017ی زایینی) ئەمڕۆ سێشەممە 2016 -12- 27 قایمقامی سلێمانی، لەگەڵ لیژنە ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە کۆ بووەوە.
بەختیار عەبدولڕەحمان، قایمقامی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئامادەکاریی تەواو بۆ شەوی سەری ساڵ کراوە، ھەروەھا بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنیی شاری سلێمانی، ھەموو ھێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە."
قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند: "ھێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی، لە تەواوی مۆڵ و شوێنە گشتییەکان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕوو نەدات، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تەندروستی لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "بەکارھێنانی یاریی ئاگرین بۆ شەوی سەری ساڵ بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە و دەزگا ئەمنییەکان ڕێگە نادەن لەڕێگەی یاریی ئاگرینەوە، ھاونیشتمانیان خۆشحاڵیی خۆیان دەرببڕن، چونکە ئەو یارییانە مەترسیی جۆراوجۆر دروست دەکەن."
باسنوز
