لە ھەولێر 64 قومارخانە دادەخرێن

 لە ھەولێر 64 قومارخانە دادەخرێن
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، چەند زانیارییەکی گرنگ لەسەر ئەو قومارخانانە ئاشکرا دەکات کە لە ھەولێر دایانخستوون.



بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پۆلیسی ھەولێر وەرگیراوە، لەمساڵدا لە ھەولێر چەند شوێنێک داخراون، لەوانە ٦٤ شوێنی قومارخانە و دەیان گازینۆ و سەدان شوێنی مەساج.



بەپێی زانیارییەکان، تا سەرەتای مانگی ٣ی ئەمساڵ، تەنیا ٢٥ قومارخانە داخرابوون، بەڵام لەدوای ئەو کاتەوە تا مانگی ١١ داخستنی ئەو شوێنانە زیادی کرد بۆ ٦٤ شوێن، کە بەشێک لەوانە مۆڵەتیان ھەبوو و بەشێکیشیان بێ مۆڵەت بوون و زۆرینەشیان لەنێو شارەدێی عەنکاوە بوونە، بەڵام ھەموویان داخراون و لەژێر چاودێریدان.



عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لە لێدوانێکیدا راگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ دەیان شوێنی قومارکردن لە ھەولێر داخراون، گوتی: "پۆلیسی شارەوانی لەگەڵ پۆلیسی رێکاری بەئاگاداریی قایمقام بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ ئێمە ٦٤ قومارخانە لە ھەولێر داخراون".



ئاماژەی بەوەش دا دوای داخستنی ئەو قومارخانانە، رێگە نادرێت قومارخانەی تر لە ھەولێر بکرێنەوە، گوتیشی: "لە ھەر شوێنێک بەنھێنی ھەبێت و زانیاریمان پێ بدرێت، ئەوە ئێمە دایان دەخەین".



عەبدولخالق تەڵعەت ئاشکراشی کرد، ئەو ٦٤ شوێنەی دایانخستوون پێشووتر کێشەی زۆریان بۆ دروست دەکردن، گوتیشی: "لەو قومارخانانە کێشە رووی دەدا و شەڕ و تەقە دەکرا، بۆیە ئەو شوێنانە داخران و ئێستا ٩٠% ئەو کێشانە نەماون".



لە ماددە ٣٨٩ لە یاسای سزادانی عێراقیدا، باسی تاوانی قومار کراوە، لە بڕگە سێی ماددەکەدا ھاتووە: " قومارچی سزا دەدرێت بە حەپسکردن بۆ ماوەیەک کە نابێت لە مانگێک زیاتر بێت، یان پێژماردن لە ٥٠ دینار زیاتر نەبێت، ھەر کەسێک لە کاتی قومارکردندا بگیرێت".



بەرپرسێکی پۆلیسی شارەوانی پێی وایە بەو سزا کەمە قومار بنبڕ ناکرێت، بۆیە داوا دەکات سزای قومارکردن و ئەوانەی شوێن بۆ قومارکردن ئامادە دەکەن، چەند قات بکرێ و رێوشوێنەکانیش توندتر بکرێن بەرامبەر ئەو کەسانە.



بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە، خەڵکی خاوەن دەسەڵات لەپشتەوەی ئەو قومارخانانە بن، گوتیشی: "زۆر قسە دەکرێت دوورە لە راستی، ئەگەر ئەو شوێنانە خەڵکی بەدەسەڵاتیشی لەپشتەوە بوایە ئەوا ھەر دادەخران، وەکو چۆن ھەموویان داخراون".



قومار وەک نەخوشییەکی کۆمەڵایەتیی لێھاتووە چەندین کەس لە کوردستاندا تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە، تەنانەت زۆرێکیان روو لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکەن لەپێناو قومارکردن بەشێکی تریشیان مایەپووچ بوونە و کێشەی زۆریان دروست کردووە.



لە سەرێکی ترەوە ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشکرای کرد، لەپاڵ داخستی شوێنەکانی قومارکردن، سەدان مەساجخانەی نایاساییشیان داخستووە، گوتیشی: "دوای پێکھێنانی لیژنەیەک ٣٠٠ مەساجخانە داخراون، چونکە بۆ مەبەستی تری جگە لە مەساج بەکاردەھێندران، تەنیا ئێستا مەساج لە ھەندێک ھۆتێل ماوەتەوە".



لەپاڵ داخستنی قومارخانە و مەساجخانە، زیاتر لە ٤٠ کافتریا و گازینۆش داخراون، لەبارەی ھۆکاری داخستنی ئەو شوێنانە ئەو دەیگوت: "لەو شوێنانە کێشەی زۆر ھەبوون، لەوانە رووداوی کوشتن و پلاندانان بۆ دزی و ئەنجامدانی تاوان، بۆیە ئەو شوێنانە داخروان و ھەر گازینۆیەکیش لەم جۆرە بێت ئەوا دادەخرێت".



جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە رێوشوێنەکانیان بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی کە کاری نایاسایی و تاوانیان تێدا ئەنجام دەدرێت.



بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی ھەولێر، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، بەھۆی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و دزی، نزیکەی ٦٠٠ کەس دەستگیر کراون، ھەروەھا بەھۆی رووداوی کوشتن زیاتر لە ١٥ کەسیش کوژراون.






باسنیوز
Top