سلێمان عەبدوڵا یونس: سەرکردایەتی بەرژەوەندی لەگەڵ یەکخستنەوەی یەکێتیدا نییە

سلێمان عەبدوڵا یونس: سەرکردایەتی بەرژەوەندی لەگەڵ یەکخستنەوەی یەکێتیدا نییە
کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە توندی ڕەخنەی لە سەرکردایەتیی حزبەکەی گرت و بەوە تۆمەتباری کردن کە هەرچەندە یەکخستنەوەی حزبەکەیان ئاسانە، بەڵام بەرژەوەندییان لەو کارەدا نییە.



ئەمڕۆ دووشەممە 26\12\2016، سلێمان عەبدوڵا یونس، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە وتارێکدا بەناوی (سەرکردایەتی سەلماندیان بلیمەتن) کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە: ”چ ئاسانە بووژانەوە و یەکخستنەوەی یەکێتی، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، هیچ سەرکردایەتییەکی ئێستای ئەو حزبەت دەست ناکەوێت، بەرژەوەندی لەگەڵ وەها کارێکدا بگونجێت، چونکە ئاشی ئەوان بە ئاوی پەرتەوازەیی حزبەکەیان و ناتەبایی نێوان ڕێبەرە ناکۆکەکان هەڵدەسووڕێت“.



ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە دابەشبوونی سەرکردایەتیی یەکێتی بەسەر دووباڵ، بۆ دەرمانکردنی دەردەکانی حزبەکە نییە، بەڵگەش بەوە دەهێنێتەوە کە ئەگەر بۆ ئەوە بووایە، دواتر باڵەکان بۆ گرووپگەلی بچووکتر دابەش نەدەبوون و ”لەپێناو بەرژەوەندییە بچووکەکاندا، بە دەوری دەردەکەدا، دابەشبوونەکەیان چڕتر نەدەکردەوە“.



سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت: ”سەرکردایەتیی یەکێتی لە زۆر شتدا کۆڵەوارن، بەڵام لەیاریکردن بە جەمسەرەکان و بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بلیمەتن، چونکە ئەوەتا نە ڕێگە دەدەن یەکێتی لە ڕێکەوتنی ستراتیژیدا بمێنێت و نە جورئەتی دەرهێنانی حزبەکەشیان لەناو ئەو ڕێککەوتنە دەکەن. نە خوازیارن ڕێککەوتنی دەباشان بچێتەوە سەر یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان و نە دەرفەتی سەربەخۆکردنی حزبەکەشیان مەیسەر دەکەن لەپرسی بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی و زۆنی سەوزدا“.



لە کۆتاییشدا ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کردووە کە ”خۆشخەیاڵی لای بنکەی ململانێکانی هەردوو باڵەکەی یەکێتییە کە ئەندامان و کادیرانی ناوەندیی یەکێتین“ و ڕوونیشی کردووەتەوە: ”ئەوانە هەر یەکەیان هیوایان لەسەر ئاسۆی ململانێ و سەرکەوتنی باڵەکانیان هەڵچنیوە، بێ ئاگا لەوەی سەرکردایەتیی باڵەکان، ململانێکان بۆ بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و ئەوەی بەلای ئەوانەوە جێگای بایەخ نییە، سەرکەوتنی بەرنامەی باڵەکانیان و ستراتیژی یەکخستنەوەی حزبەکەیانە“.



بوونی چەند باڵێک لە نێو یەکێتیدا مێژووەکەی بۆ ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانەوە، لە سەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵەوە، ئەو حزبە بە تەواوەتی بەسەر هەردوو باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە جێگرانی سکرتێری گشتی و فەرماندە سەربازییەکانی ئەو حزبە پێکهاتوون، لەگەڵ باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێکهاتوون، دابەش بووە.
bas news-
Top