شێخ شامۆ: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌كه‌كه‌ شنگال چۆل بكات

شێخ شامۆ: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌كه‌كه‌ شنگال چۆل بكات

نوێنەری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، ئاگاداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کراوەتەوە، بە زوویی، شنگال چۆڵ بکات و ئاشکرای کرد: "ئەمریکا نایەوێت پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە 26\12\2016، شێخ شامۆ، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “کاتی ئەوە هاتووە، پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، ناکرێت ئەو شارە دووبارە ببێتەوە قوربانی”. ڕوونیشی کردەوە: “دوای نەمانی داعش، ئەمریکا و هاوپەیمانان پڕۆژەیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال هەیە، بۆیە یەکێک لە ئاڵۆزییەکانی شنگال، هەبوونی پەکەکەیە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئێزدییە جەختی لەوە کردەوە: “سێ ڕێگا لە بەردەمماندایە بۆ شنگال، یەکەم، دەرکردنی پەکەکە، دووەم، گەڕانەوەی ئارامی بۆ شنگال، سێیەم، دروستکردنی ئیدارەیەکی سەربەخۆ بۆ شنگال کە بودجەی سەربەخۆی هەبێت و ڕاستەوخۆ بە هەرێمی کوردستانەوە بەسترابێتەوە”.

هۆشداریشی بە پەکەکە دا: “لە هەر ئەگەرێکدا پەکەکە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت، چونکە لەلایەن هەموو لایەکەوە ئاگادارکراونەتەوە و شنگال بەرگەی کۆستێکی دیکە ناگرێت، بۆیە هەر دەبێت شنگال چۆڵ بکرێت".
payamner-
Top