ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەر چەند پارچە شوێنەوارێكی بەنرخ‌و مێژووییدا دەگرێت

ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەر چەند پارچە شوێنەوارێكی بەنرخ‌و مێژووییدا دەگرێت
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر چەند پارچە شوێنەوارێكی بەنرخ‌و مێژووییدا گرتووەو 3 كەسیان دەستگیركردووە كە بەنیازبوون ئەو شوێنەوارانە بفرۆشن.

لەراگەیەندراوێكی ئاسایشی سلێمانیدا كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، ئەوەخراوەتەڕوو بەمەبەستی نەهێشتن‌و بنبڕكردنی هەر جۆرە مامەڵەپێكردنێكی نایاسایی‌و بردنەدەرەوەی پارچە شوێنەواری مێژوویی‌و كەلەپوری‌و هونەری گرنگ، هێزەكانیان 3 كەسیان لەشارۆچكەی دوكان دەستگیركردووە كە دوانیان كوردن.

بەپێی راگەیەندراوەكە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە هێزەكانیان، بەپێی ماددەی 61ی ئاسار، توانیویانە لەڕۆژی(24/12/2016) لەناو شارۆچكەی دووكان سێ كەس دەستگیربكەن كە یەكێكیان بەڕەگەز عەرەبەو خەڵكی شاری بەعقوبەی خواروی عێراقەو دووكەسەكەی تریان كوردن‌و خەڵكی شارۆچكەی دوكانن.

"لەكاتی دەستگیركردنیاندا توانرا دەستبگیرێت بەسەر چەند پارچە شوێنەوارێكی مێژووی گرانبەهادا كە بریتی بوون لە سێ پەیكەری سەردەمی بابلی كە بەنیازبوون بەنرخی 400 هەزار دۆلاری ئەمریكی بیان فرۆشن لەگەڵا دوو موروی كریستاڵی گرانبەهاو یەك سەد ڕۆبڵی دراوی ڕوسی كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1910 كە ئەم دووموروو و كریستاڵەو دراوە ڕوسیەكەش بەنیازبوون بەنرخێكی گران بفرۆشن".


ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت"بەپێی وتەی تۆمەتباران لەخواری عێراقەوە هێنرابوون بۆ شارۆچكەی دوكان‌و بەنیاز بوون لەوێ‌ بیانفرۆشن، تۆمەتباران دانیان ناوە بەتاوانەكەیانداو زیندانی كران‌و بە بڕیاری بەڕێز دادوەر لێكۆڵینەوە لەكەیسەكە بەردەوامە".


xendan -
Top