سەرکردەیەکی یەکێتی: بابەتی سڕکردنی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ناخرێتە بەردەم مەکتەبی سیاسی
جەمال یوسف بۆتانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “تەنیا ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی کە سڕدەکرێن، دۆسیەکەیان دەبرێتە مەکتەبی سیاسی و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەگەرنا کادیرانی خوارووی ئەوان، لەلایەن ئۆرگانەکانەوە ڕێوشوێنیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: “شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەهۆی ئەوەی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نییە، ئەو لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتییە، بۆیە ئەگەر ئیجرائاتێک کرابێت، نە براوەتەوە مەکتەبی سیاسی، چونکە ئەگەر هەر کادیرێک سزا بدرێت، لە مەرکەزی رێکخستنیشەوە دەکرێت، کە ئەم قسەیە بۆ هەموو یەکێتییەکانە نەک شاناز خان".
جەختیشی لەوە کردەوە کە سڕکردن لەنێو حزبەکەیدا بۆ ئەو کەسانەیە کە پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتی کار دەکەن، یان “هەر هۆکارێک کە مەکتەبی ڕێکخستن پێی وابێت لە دەرەوەی پرۆگرامی حزبە”.
دوێنێ یەکشەممە 25\12\2016، بە پشت بەستن بەو زانیارییانەی کە پێگەی فەرمیی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوی کردبووەوە، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕیزەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیدان، دوور لە چاوی میدیاکان، کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاریان داوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سڕ بکرێت و لێژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە پێک بهێندرێت.
باسنیوز
