هەندێک لایەن فشار بۆ ئاڵۆزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕ دەکەنەوە

 هەندێک لایەن فشار بۆ ئاڵۆزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕ دەکەنەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئاگادارن کە فشار لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵپەسێرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 26\12\2016، خۆشەوی خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئاگادارین کە فشارێک لەسەر عەبادی هەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەو گرووپەی هەوڵەکە دەدەن، هەمان ئەو گرووپەن کە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان بڕی”. جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرگرتنی ئەو پیلانە، پێویستە هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی ئاشکرا کرد: “دەبێت ئاگاداری پیلانی ئەو گرووپە بین، چونکە هەر ئەوان ویستیان بارگرانی لەسەر کوردستان دروست بکەن لە ڕێگای هاوپەیمانێتییەکەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئێستاش هەوڵەکانیان لە دەرەوەی پەرلەمان بەردەوامە".










باسنیوز
Top