هەندێک لایەن فشار بۆ ئاڵۆزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕ دەکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 26\12\2016، خۆشەوی خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئاگادارین کە فشارێک لەسەر عەبادی هەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەو گرووپەی هەوڵەکە دەدەن، هەمان ئەو گرووپەن کە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان بڕی”. جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرگرتنی ئەو پیلانە، پێویستە هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی ئاشکرا کرد: “دەبێت ئاگاداری پیلانی ئەو گرووپە بین، چونکە هەر ئەوان ویستیان بارگرانی لەسەر کوردستان دروست بکەن لە ڕێگای هاوپەیمانێتییەکەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئێستاش هەوڵەکانیان لە دەرەوەی پەرلەمان بەردەوامە".
باسنیوز
