یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی حدک نەکردووە

یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی حدک نەکردووە
سەرەڕای بەشداریکردنی دەیان حزب و لایەنی سیاسیی پارچەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی حزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک) لە شاری کۆیە، هەریەک لە (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی ئێران) بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا نەکردووە.



بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەنێو حزبی دیموکراتیی کوردستانەوە دەست کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ یەکشەممە 25\12\2016، لەسەر بانگهێشتی حدک، 30 حزب و لایەنی سیاسی کە جگە لە کوردستانی باشوور، لایەنی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستانیشیان لەنێودا بووە، چوونەتە شاری کۆیە و بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکدا کردووە.



دوای کۆبوونەوەکە، مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری حدک، ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، بەڵگەکانی تایبەت بە هەبوونی دەستی ئێران لە تەقینەوەکانی کۆیەمان خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکان”.



هەر بەپێی زانیارییەکان، هەرچەندە بانگهێشتنامە لەلایەن حدکەوە بۆ (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان) نێردراوە، بەڵام بەبێ ئەوەی وەڵامی بانگهێشتەکە بدەنەوە، بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا نەکردووە.



لەمبارەیەوە ئیسماعیل شەرەفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک) ڕاگەیاند: "ئێمە هاوشێوەی لایەنەکانی دیکە، بە فەرمی مەکتەبی سیاسیی ئەو سێ لایەنەشمان بانگهێشت کردووە، بەڵام ئەوەی کە بۆچی بەشدار نەبوون، دەبێ خۆیان وەڵام بدەنەوە".



چاودێران باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی لەنێوان یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیەتی، نەیانویستووە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری بکەن.








باسنیوز
Top