شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتییەوە سڕ دەکرێت
دەنگۆی سڕکردنی بەرپرسی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتییەوە بڵاو دەکرێتەوە و بەرپرسێکی ئەو حزبەش ئاشکرای دەکات کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دەتواندرێت ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە پێگەی فەرمیی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میدیاکانی سلێمانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕیزەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیدان، دوور لە چاوی میدیاکان، کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاریان داوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سڕ بکرێت و لێژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە پێک بهێندرێت.
پێگەی فەرمیی ناوەندی بڕیاری یەکێتی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە سڕکردنی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیوەندی بە ململانێ خێزانییەکانی نێوخۆی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هەیە.
هەر لەمبارەیەوە، ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بۆ سڕکردنی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی بڕیار دەدات، چونکە ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و لە پەیڕەودا میکانیزمی سڕکردنی کادیر دیاری کراوە، بۆیە دەتوانرێت هەموو ڕێوشوێنێک بگیرێتەبەر”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “هەر کەسێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە سڕ کرا، دەبێت پابەندی سڕبوونەکەی بێت، بەڵام کێشە لەوەدایە کە کار بە پەیڕەو ناکرێت، بۆیە دەبێت بەپێی پەیڕەو، کارەکان ئەنجام بدرێت و هیچ گرفتێکی تێدانییە، ئەوەی شاناز خان لەوە دەچێت پەیوەندی بە پەیڕەوەوە هەبێت، بەڵام ئەمە پرسیاری گرنگە، ئایا هەموو لایەنەکانی ناو یەکێتی ئەمە قەبووڵ دەکەن؟".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسیشی لەوە کرد: “ئەوانەی بڕیارەکەیان دەرکردووە، دیارە لە ڕوانگەی شەرعیبوونی خۆیانەوە ئەوەیان کردووە، بەڵام بۆچوونی دیکەش لەمبارەیەوە هەیە”.
پێشتر (باسنیوز) ئەوەی بڵاو کردەوە کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەوەتەی پۆستی لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی وەرگرتووە، کەوتووەتە کۆمەڵێک گرفتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا زۆرێک لە بەرپرسان و سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی، لێی نیگەران بوون.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردووشدا، بەهۆی ئەنجامدانی کۆنگرەی سۆسیال دیموکراتەکان لە شاری سلێمانی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هێرشێکی توندی کردە سەر مەلا بەختیار و چەندین تۆمەتی ئاراستە کرد، لە بەرامبەریشدا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە توندی وەڵامی دایەوە و چەند موڵک و سامانێکی خانەوادەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی ئاشکرا کرد.
bas news-
