ژمارەی پەنابەرانی باکووری کوردستان له ئاڵمانیا بەرز بۆتەوه
دوای "کۆدەتا شکستخواردووەکە"ی تورکیا و زۆرتربوونی زەخت لەسەر کوردەکانی باکووری کوردستان، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوانان، ژمارەی ئەو کەسانەی له تورکیاوه وەک پەنابەر روو له ئاڵمانیا دەکەن، به شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووه.
پەرلەمانی ئاڵمانیا سەبارەت بەم پرسه، داوای داتای له حکومەتی ئەم وڵاته کردووه و حکومەتیش له وڵامدا رایگەیاندووه، له سەرەتای ئەمساڵەوه تاکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، 5166پەنابەر له تورکیاوه چوونەته ئاڵمانیا که 80٪یان کوردن.
ئەم ژمارەیه له مانگی تشرینی دووەم به بەراورد لەگەڵ مانگی کانوونی دووەم، زۆر زیادتر بووه؛ به جۆرێک له مانگی کانوونی دووەم ١١٩کەس له تورکیاوه داوای پەنابەرییان له ئاڵمانیا کردووه، بەڵام له مانگی تشرینی دووەم گەیشتۆته ٧٠٢کەس.
حکومەتی ئاڵمانیا ئاماده نەبووه باس له هۆکاری ئەمه بکات و گوتوویەتی، ئەوان تورکیا به وڵاتێکی تەناهی دەزانن.
له بەرانبەردا پارتی چەپەکان، رەخنەیان له حکومەتی گرتووە و دەڵێن، حکومەتی مێرکل دەیەوێت دۆخی ئەو کەسانەی له تورکیاوه بۆ ئاڵمانیا کۆچ دەکەن، باشتر له راستییەکەی پێشان بدات.
"ئۆلا یێلپەکێ" گوتەبێژی فراکسیۆنی چەپەکان له پەرلەمانی ئاڵمانیا دەڵێت: "ژمارەی پەنابەرانی تورکیا له ساڵی٢٠١٤ـەوه تاکو ئێستا پێنج هێنده بووه. تورکیا هەر شتێک بێت، بەڵام وڵاتێکی تەناهی نییه که پەنابەران بتوانن لەوێ له ئاسایشدا بژین."
یێلپەکێ راشیگەیاند که تورکیا جەنگێکی بێڕەحمانەی لەگەڵ کوردەکان دەست پێکردووه و داوای کرد، هەناردەی چەک بۆ ئەم وڵاته رابگیرێت. هەروەها داوای کرد، رێککەوتنی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا سەبارەت به پەنابەران هەڵبوەشێندرێتەوه.
payamner-
