قۆناغێكی دیكه‌ی گۆڕانکارییه‌كان لە پۆستە ئیدارییەکانی هەولێر دەست پێدەکات

قۆناغێكی دیكه‌ی گۆڕانکارییه‌كان لە پۆستە ئیدارییەکانی هەولێر دەست پێدەکات


فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، بڕیارە قۆناغی سێییەمی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان دەست پێ بکات، وتیشی، قەیرانەکان وایان کردووە کە ئەوەی دەمانەوێت وەک خۆی نەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.



کەنعان خەیلانی سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "هێشتا پرۆسەی گۆڕانکاری لە سنووری پارێزگای هەولێر تەواو نەبووە و قۆناغی دیکەی ماوە، چونکە لە شاری هەولێر ماوەیەکی زۆرە گۆڕانکاریی ئیداری نەکراوە، ئەو گۆڕانکاریانەش بۆ ئەوەیە خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکرێت، بەڵام قەیرانەکان وایان کردووە کە ئەوەی دەمانەوێت وەک خۆی نەتوانرێت جێبەجێ بکرێت."



خەیلانی گوتیشی، "گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەر و قائیمقام و بەڕێوەبەری شارەدێکان مایەی دڵخۆشییە بۆ هاووڵاتیان، چونکە خەڵکانێکی دیکە هەن پرۆژەیان هەیە و ئێمەش دەمانەوێت دەرفەت بدەین بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان بخەنە واری جێبەجێکردنەوە".



ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "قۆناغی گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای هەولێر گۆڕینی قائیمقامەکان بوو، دووەم بەرێوەبەری ناحییەکانە، سێییەم کە قۆناغی گرینگە بەڕێوەبەری گشتییەکانە، بەڵام تائێستا دانیشتنی جددی لەسەر نەکراوە چونکە گرفتی بودجە و تەکنیکی هەیە، بەڵام هەر گۆڕانکارییەک بە ئیجابی سەیری دەکرێت چونکە زۆربەی ئەوانەی شوێنی ئەوانەی پێش خۆیان دەگرنەوە حەزی کارکردنی باشیان هەیە و، بەردەوام چاودێریی ئەو گۆڕانگاریانە دەکەین
payamner-
Top