سبه‌ینێ مامۆستایانی ناڕازی چه‌مچه‌ماڵ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی خوێندنی ساڵی 2016-2017ی راگه‌یاند و له هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك پڕۆسه‌ی خوێندن ئاساییه، له پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین به‌هۆی بایكۆتی نزیكه‌ی 50 هه‌زار مامۆستاوه زیاتر له 700 هه‌زار خوێندكار له 2500 قوتابخانه له خوێندن بێبه‌شبوون.
هونه‌ر ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی چه‌مچه‌ماڵ به‌خه‌ندان-ی وت "سبه‌ینێ دووشه‌ممه وه‌كو ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی چه‌مچه‌ماڵ خۆپیشاندانێك له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی چه‌مچه‌ماڵدا ئه‌نجامده‌ده‌ین".
وتیشی "له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی سبه‌ینێدا مامۆستایانی ناڕازیی و فه‌رمانبه‌ران به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن و بۆ راگه‌یاندنی به‌رده‌وامی بایكۆته، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زاییه دژی جێبه‌جێنه‌كردنی داواكاریه‌كانی مامۆستایان".
خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیی چه‌مچه‌ماڵ له‌كاتێكدایه له‌به‌شێك له قوتابخانه‌كان ده‌وام ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌و په‌روه‌رده‌ی سلێمانیش به‌نیازه ئه‌م هه‌فته‌یه رێنمایی نوێ ده‌ربكات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندن و ئاساییكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده .
دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو به‌خه‌ندان-ی رایگه‌یاند، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی و هه‌وڵده‌دات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی خوێندن، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه.
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی چه‌مچه‌ماڵ داوا له‌مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان ده‌كات به‌هیچ جۆرێك نه‌چنه ژێر هیچ فشارێكی سیاسی و حكومیه‌وه بۆ شكاندنی بایكۆت، "له‌ئێستادا به‌شێكی كه‌می قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌كان كراونه‌ته‌وه به‌ڵام هیچ قوتابخانه‌یه‌كی ئاماده‌یی ده‌رگاكانی نه‌كراوه‌ته‌وه".
xendan -
