“حەشدی شەعبی گوێ بە قایمقامیەتی خورماتوو نادات و لیوایەک لە خەڵکی شارەکە پێکدێنێت

 “حەشدی شەعبی گوێ بە قایمقامیەتی خورماتوو نادات و لیوایەک لە خەڵکی شارەکە پێکدێنێت
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە خورماتوو ئاماژە بەوە دەکات، لیوایەکی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەکە پێکهێنراوە و دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن قایمقامیەتی شارەکەوە، هێشتا لە ناونووسین بەردەوامن.

ئەحمەد شێخ لەنگەر، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە خورماتوو، ڕایگەیاند: “لیوایەکی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دروستکراوە، بارەگایان کەوتووەتە خوارووی شارەکەوە، لە گوندێکە بەناوی (یافا)، قایمقامی شارەکە داوای کردووە لەوێ نەمێنن، بەڵام هێشتا ماونەتەوە و بەردەوامن لە ناونووسین و وەرگرتنی خەڵکی”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کە حەشدی شەعبی کاروانێکی نمایشیان لە گەڕەکە کوردییەکان ئەنجام داوە، خەڵک زۆر نیگەرانە، دوای ئاگادارکردنەوەشیان، لە مەشق و ڕاهێنان و نووسینی ناوی خەڵکی، بەتایبەت گەنجانی کورد و پێکهاتەی سوننە بەردەوامن. گوتیشی: “هۆشداری دەدەینە سەرجەم ئەو لایەنانەی کە بەشداری لەو لیوایەدا دەکەن”.

هەوڵێکی جددی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ دروستکردنی هێزێکی گەورە لە هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەبی سوننە هەیە.





باسنیوز
Top