هەولێر.. دوو قۆناغی دیکەی گۆڕانکاری لە پۆستەکان جێبەجێ دەکرێن

 هەولێر.. دوو قۆناغی دیکەی گۆڕانکاری لە پۆستەکان جێبەجێ دەکرێن
سەرۆکی فراکسیۆنێکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایدەوگەیەنێت، کە دوو قۆناغی دیکەی گۆڕانکارییەکان لە پۆستەکانی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێن، کە قۆناغی سێیەم گرنگترینیانە.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، کە پرۆسەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە پارێزگای هەولێر بەردەوامە، هەرچەندە ”قەیرانەکان وایانکردووە کردووە، ئەوەی دەمانەوێت وەک خۆی نەتوانرێت جێبەجێ بکرێت“.

کەنعان خەیلانی هەروەها رایگەیاندووە، خەڵکێکی دیکە هەن تاوەکو شوێنی قایمقام، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و بەڕێوەبەری شارەدێکان بگرنەوە و ئەنجومەنەکەش دەیەوێت ”دەرفەت بدەین بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە“.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە قۆناغی یەکەمی گۆڕانکارییەکان، قایمقامەکانی پارێزگای هەولێر گۆڕدران، لە قۆناغی دووەمدا بەڕێوەبەری شارەدێکان دەگۆڕدرێن، لە دوا قۆناغیشدا، کە ”گرنگترین“ قۆناغە، بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەگۆڕدرێن.

لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی گۆڕانکارییەکان، چەندین قایمقامی پارێزگای هەولێر گوازرانەوە و بەشێکیشیان لەسەر کار لادران.






باسنيوز
Top