كەركووك.. دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ باوك و مامی كچەكەی كەركووك دەرکرد

 كەركووك.. دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ باوك و مامی كچەكەی كەركووك دەرکرد
پاش تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر ئاشكرابوونی تاوانی دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن 16 ساڵی شاری كەركووك لەلایەن باوك و مامییەوە، هەفتەی ڕابردوو دادگای ئەو شارە سزای لەسێدارەدانی بۆ باوك و مامی كچەكە دەركرد، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش جەخت لەوەدەكاتەوە لێناگەڕێین سزاكە جیبەجێ نەكرێ و دەبێت ئێمە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیش ئاگاداری جێبەجێكردنی سزاكە بین.

بەپێی زانیارییەكان مانگی شوباتی ئەمساڵ، كچێكی دانیشتووی شاری كەركووك، بەهۆی بوونی ئازار لە سكیدا دەبرێتە نەخۆشخانە و پاش پشكنینی پزیشك دەردەكەوێت كچەكە سكی هەیە و كاتی منداڵبوونیەتی، ئەوەش دەبێتە سەرەتای ئاشكرابوونی تاوانی دەستدرێژیكردنە سەر كچەكە لەلایەن باوك و مامی خۆیەوە.

جوان حەسەن زەنگەنە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك،ڕایگەیاند "پاش تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر ئاشكرابوونی تاوانی دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن 16 ساڵ لەلایەن باوك و مامییەوە، هەفتەی ڕابردوو، دادگای كەركووك سزای لەسێدارەدانی بۆ باوك و مامی كچەكە دەركرد".

لەبارەی چۆنێتیی ئاشكرابوونی تاوانەكەشەوە ڕوونی كردەوە "ئەو ڕۆژەی تاوانەكە ئاشكرا بوو، كچەكە ئازاری هەبووە لە سكیدا، باوكیشی وا تێگەیشتووە ئازاری گورچیلەكانێتی، بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە و پاش پشكنینی پزیشك دەركەوتووە سكی هەیە و كاتی منداڵ بوونیەتی، كە پزیشك پرسیاری باوكی منداڵەكەی كردووە، كچەكە دانی بەوەدا ناوە كە لەلایەن باوك و مامییەوە دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر كران".

گوتیشی "لێناگەڕێن سزاكە جێبەجێ نەكرێت و داواشمان كردووە ئەنجومەنی پارێزگا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە كاتی جێبەجێكردنی سزاكە ئاگادار بن بۆ ئەوەی بەلاڕێدا نەبرێ و بۆ ئەوەی هەموان بزانن جێبەجێ كراوە".

هەروەها گوتی "كچەكە تەمەنی 16 ساڵە و باوكی كچەكە 64 ساڵ و مامیشی 68 ساڵە، بە گوتەی كچەكە باوكی لە تەمەنی 8 ساڵییەوە بە بەردەوامی دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر و دواتریش مامی كە زانیویەتی دەستدرێژی كردۆتە سەر و بەو شێوەیە باوك و مامی لەكاتی جیاوازدا دەستدرێژیی سێكسییان كردووەتە سەری".

ئەوەشی گوت "تاوانەكە لە كاتێكدایە كە باوك و مامی كچەكە هاوسەری خۆیان هەیە و خانەوادەی هەردوولاش پێكەوە لە خانوویەكدا ژیاون، بەڵام كەسوكاری كچەكە دەڵێن ئاگاداری تاوانەكە نەبووین".

بەپێی زانیارییەكان "كچەكە لە لێكۆڵینەوەدا ئاشكرای كردووە باوكی هەفتانە بە بەردەوامی دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەری جگە لە 2 شەو كە لەماڵ نەبووە، مامیشی لەو 2 شەوەدا دەستدرێژیی سێكسی كردووەتە سەری".

زەنگەنە ئاماژەی بەوەش دا "باوك و مامی كچەكە بە دوو ڕێگا دەتوانن كچەكەیان بێدەنگ كردبێت بۆ ئەوەی لای كەس باسی نەكات و سكاڵا تۆمارنەكات، یەكەم لەژێر هەڕەشەدا و دووەمیش ڕەنگە بە قسەی خۆش لە خشتەیان بردبێت".

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەشی گوت "باوكی كچەكە ئاگادار نەبووە كە براكەی (مامی كچەكە) دەستدرێژی سێكسیی كردووەتە سەر كچەكەی، بەڵام مامی كچەكە ئاگادار بووە كە براكەی (باوكی كچەكە) دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەر ئەو كچەی برازای".

ئاشكراشی كرد "ئێستا منداڵی كچەكەش كە كچە بووەتە كێشەیەكی تر بۆمان، كە ماوەی 10 مانگە لەلایەن فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی مناڵبوونەوە بەخێو دەكرێت، چونكە دایكەكەی دەڵێ من شووم نەكردووە و نامەوێ، دەبێت دادگا لەو بارەیەوە بڕیار بدات كە بدرێت بە كەسێك".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەشی ڕوون كردەوە "بە مەبەستی دڵنیابوون لە گوتەكانی كچەكە دوو جار پشكنینی DNA بۆ كراوە و دەركەوتووە منداڵەكەی لە مامییەتی".













باسنیوز
Top