لە سۆران زانایانی ئایینی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیحیان پیرۆز کرد

لە سۆران زانایانی ئایینی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیحیان پیرۆز کرد
بەرێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران و لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە ڕیوڕەسمێکدا جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیحیان لە مەسیحییەكانی سنوورەكە پیرۆز كرد.

م.وەیسی سەعید، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە 25-12-2016 بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح و بە مەبەستی پیرۆزبا لە خوشك و برا مەسیحییەكانی دەڤەری سۆران و بە یاوەریی مەلا خالید مەلكی بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی زانایان و ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتی و خانەوەادەی سەربەرزی شەهیدان، سەردانی كەنیسەی مارگۆركیسی دیانامان كرد، وێرای پیرۆزبیان بەم بۆنەیەوە، هیوامان خواست، ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك و هەمیشە كوردستان بە مەڵبەندی لێبوردەیی و پێكەوەژیان بمێنێتەوە و ببێتە هەوێنی پتەوەکردن و قووڵكردنەوەی زیاتری تەبایی و پێكەوژیان و لێبوودەیی لە هەرێمی كوردستان، هەروەك ستایشتی رۆلی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە پارێزەری هەموو پێكهاتەكان."

هاوکات قەشە یەترون یۆنان، سەرپەرشتیاری كەنیسەكانی دیانا و هەودیان و بێدیال، بەناوی سەرجەم مەسیحییەكانی سنوورەكە سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ زانایانی ئایینی و دانیشتوانی سنوورەكە، كە هەمیشە لە هەموو یاد و بۆنەكاندا ئامادە دەبن و سیمای پێكەوەژیانیان جوان كردووە و ئاماژەشی بەوە دا، بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان كە بووینە پارێزەری سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان، كە هەموو لایەك بەهۆیەوە مەراسیمە ئایینییەكانیان بە خۆشییەوە بەڕێوە دەبەن.











باسنیوز
Top