بەهۆی پەکەکەوە ئێزدییەکان جارێکی دیکە ئاوارە دەبنەوە

 بەهۆی پەکەکەوە ئێزدییەکان جارێکی دیکە ئاوارە دەبنەوە
سەرۆکی کوتلەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هۆشداریی دەدات لەوەی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) مەترسیی بۆ گیانی ئاوارە ئیزدییەکانی سەر چیای شنگال دروست دەکات.

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی کوتلەی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاندووە، دوای هەڕەشەکانی سوپای تورکیا بە بۆردومانکردنی بارەگاکانی پەکەکە لە نزیک شاری شنگال، چەکدارانی سەر بە پەکەکە بارەگاکانیان دەبەنە نێو ئاوارەکانی سەر چیای شنگال.

هەروەک سەیدۆ چەتۆ رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی پەکەکە مەترسیی بۆ گیانی هاووڵاتییە کوردە ئێزدییە ئاوارەکانی سەر چیای شنگال دروست دەبێت، هاوکات داوای لە چەکدارانی سەر بە پەکەکەش کرد، کە لە ناوچەکانی هاووڵاتییان دوور بکەونەوە.

ئەو هاووڵاتییانە، کە بەهۆی داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش ئاوارەی سەر چیای شنگال بوون و ئێستاش هەرچەندە شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە رزگارکراوەتەوە، ئەو هاووڵاتییانە لە ترسی چەکدارانی سەر بە پەکەکە، ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

سەرۆکی کوتلەی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەروەها رایگەیاند، کە ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی پەکەکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و مەترسی هەیە هەموویان رووبکەنە پارێزگای دهۆک.

هەروەک بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن، نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی بەهۆی شەڕی تائیفی و داگیرکاریی داعشەوە پەنایان بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان هێناوە، کە بەشی زۆریان روویان کردووەتە پارێزگای دهۆک.













باسنیوز
Top