جێگری سکرتێری حدک: گومان دەکەین ئێران کەسانێکی خزاندبێتە نێو ڕیزەکانمانەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 25\12\2016، مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری حدک، ڕایگەیاند: “لایەنی سەرەکیی تەقینەوەکانی کۆیە ئێمەین و ڕووداوەکە لەبەردەم بارەگای ئێمە ڕووی داوە و شەهیدەکان ئەندامی ئێمەن، ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاری بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی خۆی دەکات و باشیش چووەتە پێشێ و ئێمە لە جددیبوون و هەڵسووڕانەکەیان سوپاسیان دەکەین".
ئەوەشی نەشاردەوە کە هەرچەند هەتا ئێستا ئەنجامی کۆتایی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام “ئەزموونەکانمان پێمان دەڵێن دەبێ کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، یەکەم، چونکە حیزبی دیموکرات لە کۆماری ئیسلامی زیاتر نەیارێکی نییە، هەتا کردەوەی وای بەرانبەر ئەنجام بدات، دووەم، ئەزموونی 37 ساڵ خەباتمان لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەداخەوە زۆر کردەوەی لەم جۆرەیان بەرانبەرمان کردووە، سێیەم، لە بەهارەوە، حکوومەتی ئێران بە شێوەی سەربازی و ئەمنی لە ئاستی سەرەوە و خوارەوەدا بە بەردەوامی هەڕەشەمان لێ دەکات و کردەوەکانی دەیەی نەوەدی زایینی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن”.
جێگری سکرتێری حدک ئەوەشی ڕاگەیاند: “ئێمە لەو باوەڕەداین ئەم کردەوەیە کار و بەرنامەڕێژیی زۆری بۆ کراوە، زۆر ئاساییە لەوانەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان خەڵکانێکیان خزاندبێتە ناو ئێمەوە و شارەزای شوێن و کاتەکە بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بە وردی بەردەوامن، لەو پەیوەندییەشدا کەسانێک بانگ دەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام نامانەوێ پێش ڕەوتی لێکۆلێنەوەکان و بڵاوبوونەوەیان بڕیار بدەین، چونکە ئەوان ڕێکاری ورد و باشیان گرتووەتە بەر".
مستەفا مەولوودی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوە و کۆڕەکانی حدک گشتی نین و تەنیا بۆ ئەو ڕۆژهەڵاتییانەیە کە یان ئەندام، لایەنگر و دۆستی حزبی دیموکراتن، بۆیە “کەسێک کە ئەو کارەی کردووە، لەناو شوێن و ژینگەی ئێمەدا بووە، ئەو کەسە لەگەڵمان ئاشنایەتی و تێکەڵاوی هەبووە، بۆیە لەوانەیە لایەنگر، دۆست، ئەندام یان بنەماڵەکانیان بێت، چونکە خەڵکێک کە نەتوانێ بێتە لای ئێمە، ناشتوانێ کاری وا بکات."
باسنیوز
