لایەنەکان لەسەر چوونی شاندێکی حکوومی بۆ بەغدا بۆچوونیان جیاوازە
لەسەر چوونی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بیر و بۆچوونی جیاواز دروست دەبێت و بەشیک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێیان وایە کە چوونە بەغدا هیچ سوودێکی نییە.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی نێوان ئەنجومەنی وەزیران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، قسە لەسەر ئەوەکراوە کە شاندێک بنێرێتە بەغدا بۆ ئەوەی پرسی بودجەی کوردستان و بودجەی عێراق تاوتوێ بکرێت. لەمبارەیەوە ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەڵی لە کۆبوونەوەکە یەکێک لە پێشنیارەکان ئەوەبوو کە شانێک بنێردرێتە بەغدا”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “هێشتا دیاری نەکراوە کە ئەو شاندە کەی بڕوات و چۆن بڕوات، چونکە تەنیا پێشنیار بووە، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەبوون کە شاندەکە بڕوات".
هاوکات دڵشاد شەعبان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هیچ کاتێک بەغدا ئامادە نییە پارە بە کوردستان بدات، عەقڵیەتی بەغدا ئەوە قەبووڵ ناکات، بۆیە چوونی هەر شاندێک بێ سوودە”. ڕوونیشی کردەوە: “بەغدا دەیەوێت کاتمان لێ بکوژێت، هەر ڕۆژە و بیانووێک دەدۆزێتەوە".
هەر لەمبارەیەوە، شێخ جەعفەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەوە چەند ساڵە بەغدا مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە نادات، لە کاتێکدا پێشووتر چەندین لێژنەمان بۆ پرسی پێشمەرگە و بودجە ناردووە، بەڵام دەرئەنجامی نەبووە”. جەختیشی لەوە کردەوە: “ئەو پرسە دەبێت حکوومەت و هێزە سیاسییەکان بڕیاری لەبارەوە بدەن".
BAS NEWS-
