سلێمانی.. ئافرەتێک بەھۆی توندوتیژی ھاوسەرەکەیەوە 15 رۆژە بێھۆشە

سلێمانی.. ئافرەتێک بەھۆی توندوتیژی ھاوسەرەکەیەوە 15 رۆژە بێھۆشە


سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی، لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی ئەو ئافرەتەکەی گەڕەکی سەچناری سلێمانی، کرد کە لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام درا، ڕایدەگەیەنێت کە قوربانییەکە باری تەندروستی خراپە، داواکاریی گشتیش بۆ ئەم کەیسە، ڕێچکەی یاسایی گرتوەتەبەر.



ئەمڕۆ شەممە، 24/12/2016، ھەریەکە لە گەشە دارا حەفید، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان و عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی،‌ لە پارێزگای سلێمانی، سەردانی ئەو ئافرەتەیان کرد،‌ کە لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە توندوتیژی بەرانبەر ئەنجام درابوو.



سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەو ئافرەتە دوای ئەوەی ھاوسەرەکەی توندوتیژی بەرامبەری ئەنجام دابوو، دوای سێ ڕۆژ گەیاندبویە نەخۆشخانە، ئەوەش بوەتە ھۆی دواکەوتنی چارەسەر و بە پێی گوتەی پزیشکەکان، دۆخی تەندروستی قوربانییەکە زۆر خراپە‌و لە حاڵەتی بێھۆشیدایە".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی سلێمانی ‌و دادگای تایبەت بە توندوتیژییە خێزانییەکان، سەرقاڵی ڕێکاری یاسایین و بە فەرمانی دادوەریش تۆمەتبارەکەی ڕاگیراوە، منداڵەکانیش لە خانەکانی نەوجەوانان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی،‌ پارێزراون".



گوتیشی: "داواکاریی گشتیش ئاگاداری ڕووداوەکەیە، ئەم کەیسە ڕێچکەی یاسایی گرتۆتەبەر، ئێمەش بەردەوام بە دواداچوون دەکەین تا تۆمەتبار بە سزای یاسایی خۆی دەگات".



9/12/2016 لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، ئافرەتێک توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت و دوای سێ ڕۆژ دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام تا ئێستا ئافرەتەکە، لەژێر چاودێری پزیشکییە و لە حالەتی بێھۆشیدایە.
BAS NEWS-
Top