مالیکی دەیەوێ لە ناوچە کوردستانییەکاندا جاشایەتی زیندوو بکاتهوه
(عارف روشدی) راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند: لە پێناوى نانهوهی پشێوی له هەرێمى کوردستاندا و هەوڵدان بۆ لاوازکردن و نانەوەی کێشە لە نێوان حکوومەتى هەرێم و خەلکى سەربەرزى کوردستاندا، چەند سالێکە (مالیکى) و هاوبیرانى دەستیان كردووه بە پلان داڕشتن، نموونهی راوەدونانى ئەفسەر و سەربازە کوردەکان کە لە نێو ریزەکانى هێزە سەربازییەکانى عیراقدا بوون و، دەبوایە بە رێژەى 17% بێ، بەڵام ئێستا ناگاتە 1%یش.''
دەشڵێ، هەڕەشەکردن بە پەلاماردانى کوردستان و بە تایبەتى کەرکووک بە هێزى دیجلە، ئێستایش هەمان نیازى هەیە گەر بۆی بچێتە سەر.
(ڕوشیدی) ئاماژەیشی دا، ''لە ئەنجامى پەرتەوازەیى سیاسی لە هەرێم و بەرزبوونەوەى رێژەى بێکارى لە نێو گەنجانى کوردستاندا بە تایبەتى لە ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم، پیلانى ناونووسکردنى گەنجانیان دەستپێکردووە لە ریزەکانى (حەشدى شەعبى)دا، بێگومان ئهم هێزه دەبێتە هێزێکى بەکرێگیراو هاوشێوەى جاشایەتىی سەردەمى حوکمڕانیى بەعس و بەکار دەهێنرێت دژ بە خاک و گەلى کوردستان.''
هاوكات (ئەحمەد شێخ لەنگەر) بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند، "رێ بەهیچ هێزێک نادرێت لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ویستی خۆی فەرز بکات، ئێستایش بەردەوام پیلان هەیە بە هاندان و راکێشانی گەنجان بۆ ناو ریزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکاندا تا هێزیان لێ دروست بکرێت، بۆیە خەڵک جگە لە هێزی پیمەرگە داوای هیچ یەکێک لەو هێزانە ناکەن کە بەبێ ویستی خۆیان بەسەریاندا فەرز دەکرێت".
گوتیشی: "ئێمە نیگەرانین بەرانبەر بە هەر ئەگەرێک لە لایەن بەغداوە بۆ دروستکردنی حەشدی شەعبی و، ناکرێت لەژێر هەرناوێکدا بێت رێگایان پێ بدرێت".
kdp-
