دوای دوو ساڵ ڕاستیی پێشبینییەکانی مەسروور بارزانی بۆ ئەورووپا دەسەلمێت

 دوای دوو ساڵ ڕاستیی پێشبینییەکانی مەسروور بارزانی بۆ ئەورووپا دەسەلمێت
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ پێشنیازەکانی مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئەورووپا، ڕاستی و درووستیی پێشنیازەکانیان سەلماند.

هێمن هەورامی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی بەناوی (ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئەورووپا و شاهێدییەک بۆ مێژوو)، بڵاوی کردووەتەوە: “لە 4\11\2014، یاوەری مەسروور بارزانی بووین لە سەردانێکی بۆ پەرلەمانی ئەورووپا. ئەو لەبەردەم کۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و بە ئامادە بوونی نزیکەی 110 پەرلەمانتار و ژمارەیەکی زۆری چاودێر و میدیاکاری ئەورووپی، شیکردنەوەیەکی ڕیالیستییانەی بۆ دۆخی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی پاش هاتنی داعشی کرد”.

هەورامی ئەوەی ڕوون کردووەتەوە، لە بەردەم کۆمسیۆنەکەدا، مەسروور بارزانی پێی گوتوون: “هەڕەشەی تیرۆر بە تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێنێتەوە، پریشک و کاردانەوەی دێتە پایتەختەکانی ئەورووپا، دەبێت ئەورووپا و ئەمریکا، زیاتر هاوکار و پشتیوانی ئەو هێزانە بن کە شەڕی ڕاستەقینەی تیرۆر دەکەن لە ڕووی سەربازی و ئەمنی و ئایدیۆلۆژییەوە. دەبێت سەرچاوەکانی بیری توندڕەوەی وشک بکرێن و ئەمەش ستراتیژێکی دوورخایەنی دەوێت، ئەگەر ئەورووپا و ڕۆژئاوا بە گشتی پێیان وابێت کە دەکرێت دیاردەی تیرۆر لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ئیحتیوا بکەن و بە هاوکاریی شکڵی ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن، ئەوا تووشی هەڵەی گەورە دەبن”.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێیوایە، پێشبینییەکەی مەسروور بارزانی ورد بووە و لەسەر بنەمای “خوێندنەوەیەکی پانۆرامیی” ورد بووە بۆ ئەو پێدراو و زانیاری و لێکدانەوانەی کە لەبەردەستیدا بوون. دەشڵێت: “ئەوەی لە (بەرلین، پاریس، برۆکسل، سان بیرناردینۆ و شوێنەکانی دیکە) ڕوویان دا و ئەگەری ڕوودانی کردەوەی تیرۆریستیی دیکە هەیە، دەرخەری ڕاستیی ئەو پێشبینییانە بوون”.

هەر لەو نووسینەدا هێمن هەورامی ئاشکرای کردووە کە لە هاوینی ڕابردوودا، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، هەر 85 کاتژمێر جارێک، لە دەرەوەی ناوچەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام داوە، جگە لەوەی “هاندەری گورگە تەنیاکان” بووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی گەورەتر. بۆیە دەڵێت: “ئەگەر ئەوکات ئەورووپا و ئەمریکا، جددیتر لە ڕووی سەربازی و هەماهەنگیی زیاترەوە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی داعش بکردایە، دەکرا زووتر و باشتر و خێراتر مەترسییەکانی تیرۆری داعش سنووردار بکرێت”.












باسنيوز
Top