یەکێتی پڕۆژەیەکی گۆڕان ڕەت دەکاتەوە
سەرچاوەیەک لەناو بزووتنەوەی گۆڕان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، پێکەوە پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی بەو پڕۆژەیەوە لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بکەن، بەڵام یەکێتی ئەوەی ڕەت کردووەتەوە و پێی وایە کە دەبێت بە جیا مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا بکات.
هەر لەمبارەیەوە درەو مەهدی، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “بزووتنەوەی گۆڕان لەم قۆناغەدا غەرقی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیەتی، خەریکی بونیادنانەوەی هەیکەلیەتی ناوخۆی خۆیەتی و بەبۆچوونی ئێمە، دەبێت ئاوڕێکی جددی لە ناوخۆی خۆی بداتەوە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت بتوانێت یەکێتی ڕازی بکات پێکەوە ئەو پڕۆژەیە بخەنە بەردەم پارتی”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئێمە پێشنیار دەکەین کە لە جیاتی ئەوەی گۆڕان خۆی بە یەکێتییەوە سەرقاڵ بکات، لە ناوخۆی خۆیدا پڕۆژەیەکی هەبێت بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاراستە سیاسییەی دەرەوەی خۆیدا". گوتیشی: “ئەزموون ئەوەی سەلماندووە کە بەهۆی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی کە ماوەی چەند مانگێکە کراوە، ئەو ڕێککەوتنەیان کردووە، هیچیشی جێبەجێ نەکراوە، ناتوانن بەیەکەوە پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت".
ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان پێیوایە کە دەبێت بزووتنەوەکە پێگەی خۆی بپارێزێت، “نەک بچێتەوە ناو یەکێتی، چونکە یەکێتی خاوەن ئاراستە و بۆچوونی خۆیەتی و گۆڕانیش بەهەمان شێوە، بۆیە لە جیاتی ئەوەی پڕۆژەی هەبێت لەگەڵ یەکێتی، با خۆی هەوڵ بدات بەرنامە و ئاراستەی خۆی هەبێت”
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سەردانی شاری سلێمانی کرد و بە جیا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئەنجام دا.
باسنیوز
