بارزانی: لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە
لەو پەیامەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەداوە: ”بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشك و برایانی خۆشەویستی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”بەهۆی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان، بەشێكی زۆری خوشك و برا كریستییانەكانمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و نەیانتوانیوە بۆ ناوچەكانیان بگەڕێنەوە“. بۆیە هیوای خواستووە، پاش تێكشكاندنی تیرۆر و نەمانی هەڕەشەكان، بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە: ”لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم كە خوشك و برا كریستییانەكان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە كوردستان كرد و خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تریشی پاراست و ناوچەكانی ئازاد كرد، كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و بەهاكانی پێكەوەژیان دەمێنێتەوە. لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و هاوبەشین و هیچ هێز و هزرێكی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێكەوەژیانمان تێكبدات“.
لە کۆتاییشدا هیوای خواستووە، ئهم جهژنه ببێته مایهی خێر و بەختەوەری بۆیان و هەموو ساڵێک لە ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانیان پیرۆز بکەن.
باسنیوز
