نێچیرڤان بارزانی: ئێران دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکات
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر)دا رایگەیاندووە، کە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژایەتیی پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور دەکەن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتەش لەبارەی سەربەخۆییەوە بە پێویست دەزانێت، بەڵام ”وا دیارە پێش ئەوەی دانیشین و لەبارەی ئەو بابەتەوە قسە بکەین، ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و دژی سەربەخۆیین“.
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکە باسی بوونی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە شاری شنگال کردووە و رایگەیاندووە، هەرچەندە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ”رۆڵێکی بەرچاو“یان لە یارمەتیدانی خەڵکی ناوچەکە هەبوو و ”پێزانینمان بۆ ئەو کارەی ئەوان ھەیە“، بەڵام لەم کاتەدا و مانەوەی چەکدارانی سەر بە پەکەکە تەنها ”ناسەقامگیری“ دروست دەکات، رێگا لە گەڕانەوەی هاووڵاتییان دەگرێت، گوتیشی: "خەڵکی لە دووبارە ڕوودانی شەڕ و پێکدادان دەترسن یان نیگەرانن کە ئایندەیەکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات و ئێمەش نیگەرانییەکانیان ڕادەگەیەنین" بۆیە ”پێویستە پەکەکە ناوچەی شنگال بەجێ بھێڵێت“.
هەروەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سەربەخۆبوونی کوردستانی باشوور و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان رێژەی سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات، هاوکات بە پێویستیشی دەزانێت جۆرێکی دیکەی پەیوەندیی لە نیوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست بکرێت، چونکە ”ناتوانین بە شێوازی رابردوو لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین“.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان پێیوایە چیتر ئەو پرسە بۆ تورکیا هێڵی سوور نییە و ناردنی بۆری گواستنەوەی نەوتی کوردستانیش بەسەر خاکی تورکیا بۆ سەر دەریا، بە نموونەی جۆرێک لە رەزامەندیی تورکیا بە سەربەخۆیی کوردستان دادەنێت.
باسنيوز
