پاش بڕینی مووچە کار بۆ بڕینی بەشە خۆراک و نەوت و دەرمانی هەرێمی كوردستان دەکرێت
پاش ئەوەی لە ساڵی 2014 نووری مالیکی کە ئەوسا سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕدرا، ئەمڕۆ شەممە 24\12\2016، ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “هەوڵێک هەیە بۆ بڕینی (بەشە خۆراک، بەشە نەوتی سپی و بەشە دەرمان)ی هەرێمی کوردستان”. ئەمەشی بە جۆرێک لە دروستکردنی ئابڵووقە لەسەر هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەندامانی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا هەوڵ دەدەن هەرسێ بابەتەکە لەسەر هەرێمی کوردستان ببڕێت. گوتیشی: “ئەگەر ئەو پیلانە بەردەوام بێت، ئەوە پرسەکە دەکەینە نێودەوڵەتی و قسەی خۆمان دەبێت".
ئیسلام حوسێن لە لێدوانەکەیدا ئەوەی نەشاردەوە کە ئەگەر فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەنێو خۆیاندا پەرتەوازە بن و گرنگی بە تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەدەن، ئەوا “ئەو مەترسییە ڕووبەڕووی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە”.
باسنیوز
