پەیامێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكرتی كوردستانەوە
لە پەیامەکەدا، کە رۆژی شەممە 24ـی کنوونی یەکەمی 2016 بڵاو کراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ (گۆڤاری گوڵان) نێردراوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی جەژنی لە دایکبوونی عیسای مەسیح، پێغەمبەری مەسیحییەکان (د.خ.) لە هاووڵاتییانی مەسیحیی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات.
هەروەک لە پەیامەکەدا هاتووە، مەکتەبی سیاسیی پارتی بەڵێن دەدات ”لە ھەوڵ و کۆششماندا“ بۆ پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە مەسیحینشینەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و ”گەڕانەوەی سەربڵندانەی دەربەدەر و ئاوارەکان“ بەردەوام دەبن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی پێیوایە سەرەڕای پلان و هێرشی ”تیرۆرستان و ناحەزانی ئارامی و پێکەوەیی“، کوردستانی باشوور وەک ھەمیشە ”لانکەی پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی و لێبووردەیی بووە“، کە تەواوی هاووڵاتی و گەلانی کوردستان رۆڵیان لە قوڵکردنەوەی ئەو کولتورە دێرینە هەبووە.
