کوردستانی ڕۆژهەڵات.. لە سێ مانگدا 41 کەس لەسێدارە دراون
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا (وەرزی پاییز)، 41 هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو هاووڵاتیانە دانیشتووی شارەکانی سەردەشت، ورمێ، مەهاباد، کرماشان، سەقز، ئیلام، قوروە، سنە، مەشهەد، قوچان، نەغەدە و کەنگاوەر بوون.
سزای سێدارەی ئەو 41 هاووڵاتییە لە گرتووخانەکانی تەورێز، ورمێ، خوڕەمئاوا، میاندواو، ئیلام، سەڵماس، مەهاباد، قوروە، قەزوێن، مەشهەد، شیراز، مەراغە، بەندەرعەباس، کرماشان و کەرەج جێبەجێ کراوە.
35 کەسیان بە تۆمەتی "کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان"، پێنج کەسیان بە تۆمەتی "قەتڵی ئەنقەست" و کەسێکیشیان بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە."
لە حالێکدا یەکێک لەو بەندکراوانە لەپێش چاوی خەڵک و لە گوندێکی کوردنشینی مەشهەد سزاکەی جێبەجێ کراوە.
باسنیوز
