ئاسایش بۆ پاراستنی کەمپەکان داواکاری ھەیە

ئاسایش بۆ پاراستنی کەمپەکان داواکاری ھەیە

لەسنوری کەرکوک شەش کەمپ ھەیە پێنجیان لە "لەیلان" و ئەوی دیکەش لە "داقووق"ە، لەکەمپەکانی لەیلان ئاسایش کشاوەتەوە ولەداقووقیش تەنھا ئاسایشی پارتیی ماوە، بەڕێوبەری ئاسایشی لەیلانیش دەڵێت، تاوەکو داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێت ئامادەنین بۆ کەمپەکان بگەرێینەوە.

کاوە مەلا پەروێز بەڕێوبەری ئاسایشی لەیلان بەئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند:" داوامانکردووە میکانیزمی چونەدەرەوەی ئاوارەکان بەتەواوەتی لەدەست ئێمەدابێت ولەدەست پۆلیس نەمینێت، چونکە گومانمان ھەیە له‌كاتی دەرکردنی ئاوارەکان پارە وەربگیرێت، زۆر جار گومانمان لەکەسێک ھەیە تەماشا دەکەین لەناو کەمپ نەماوە، ئەمەش بۆ سەرکەرکوک مەترسیە.

کاوە مەلا پەروێز وتیشی: لەدوای کشانەوەی ئێمە زیاتر لە٤٠ خێزان لەکەمپەکان چوونەتە دەرەوە وکەسیش نازانێت بۆ کوێ چوون، ئەمانە مەترسین وناکرێت بەوشێوەیە بێت، بەڵام تاوەکو داواکاری ئێمە جێبەجێ نەکرێت ئێمە بۆ ناو کەمپەکان ناگەرێینەوە.

باسی لەوەشکرد: لەماوەی سێ مانگی رابردوو زیاتر لە ٦٠ تیرۆرستی داعشمان لە ناوکەمپەکان دەستگیرکردووە کە ھەندێکیان مەشقپێکراو بوونە ولەلایەن داعش رەوانە کراون.

ئەوبەرپرسەی ئاسایش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: داعش دەیەوێت لەرێگەی ئاوارەکان دزە بکاتە ناوکەرکوک، لەبەر ئەوەی لەیلان لەکەرکوک نزیکە وگەر دەرفەتیان ھەبێت دزە دەکەنە ناو شار.

لای خۆشیەوە پۆلا ئەحمەد بەرێوبەری ئاسایشی داقووق بەئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند:"لەکەمپی داقووق تەنھا ئاسایشی یەکێتی کشاونەتەوە وئێمە ماوین وبۆچی بکشێینەوە، چونکە لەناوکەمپەکان تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری چەکداری داعشمان دەستگیرکردووە ورادەستی ھێزەکانی پۆلیسمان کردووە.

ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە وەکو ئاسایشی خۆمان نیازی ئەوەمان نییە لەکەمپی داقووق بکشێینەوە.
PAYAMNER-
Top