له هێرشی ئاسمانیی تورکیا له باکووری سووریا دەیان خەڵکی مەدەنی کوژران
روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت، هێرشه ئاسمانییەکانی تورکیا له ٢٤کاتژمێری رابردوو بۆ سەر باکووری سووریا، بووه هۆی کوژرانی لانیکەم ٨٨خەڵکی مەدەنی. لەناو کوژراوان چەندین منداڵیش هەن.
فڕۆکه جەنگییەکانی تورکیا له رۆژی پێنجشەممەوه چەند ئامانجێکیان له شاری "باب" له باکووری سووریا بۆردومان کردووه. روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤیش دەڵێت، لەم هێرشانەدا ٢١منداڵ کوژراون.
شاری باب کەوتۆته نزیک سنووری تورکیا و له ژێر دەستی داعش دایه. ئەم هێرشانەی تورکیا دوای بڵابوونەوەی ڤیدیۆی سووتاندنی دوو سەربازی تورکیا لەلایەن داعشەوه دەستی پێکرد.
روانگەی سووری دەڵێت، هێرشی ٢٤کاتژمێری رابردووی تورکیا، خوێناویترین هێرشی تورکیا لەو چەند مانگەی دوایی بووه له سووریا.
PAYAMNER-
