گومانلێكراوی هێرشەكەی بەرلین لە ئیتاڵیا كوژرا

گومانلێكراوی هێرشەكەی بەرلین لە ئیتاڵیا كوژرا
ئەو هاوڵاتییە تونسییەی گومانی ئەوەی لێدەكرا هێرشەكەی بەرلینی ئەنجامدابێت ئەمڕۆ لەئیتاڵیا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە كوژرا.

ئەنیس عامری، گومانلێكراوی سەرەكیی هێرشەكەی رۆژی دووشەممەی رابردووی بەرلین لەشاری میلانی ئیتاڵیا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە كوژرا، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی گاردیان كە لەرۆژنامەیەكی ئیتاڵییەوە هەواڵەكەی گواستوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو ماڵپەڕە، ئەنیس پێشتر لەساڵی 2011 لەڕێی بەلەمەوە وڵاتەكەی خۆی جێهێشتووەو گەیشتوەتە ئیتاڵیا. سێ ساڵ‌و نیوی لەشەش زیندانی جیاوازدا لەهەرێمی سیسیلی ئیتاڵیدا بەسەر بردوە بەهۆی چەند تاوانێكی جیاوازەوە لەوانە هەڕەشەو ئاگربەردانە ناوەندێكی پەنابەران‌و چەند تاوانێكی دیكەش.

دوان لەبراكانی ئەو گومانلێكراوە تونسییە باسلەوە دەكەن كە پێدەچێت براكەیان لەو كاتەی لەزیندان بووە لەلایەن گروپە توندڕەوە ئیسلامییەكانەوە كاری لێكرابێت.

دووشەممەی‌ رابردوو شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی‌ بارهەڵگر لە شەقامێكی‌ بەناوبانگی‌ شاری‌ بەرلین‌و لەبازاڕێكی‌ قەرەباڵغی‌ سەری‌ ساڵدا هێرشی كردەسەر خەڵكی ناو بازاڕەكەوەو چەندین كەسی كرد بە ژێرەوەو بەوهۆیەوە 12 كەس گیانیان لەدەستداو 48 كەسی‌ تریش برینداربوون.

دوو رۆژ دوای ڕووداوەكە، پۆلیسی ئەڵمانیا ناسنامەی ئەنیس عامری تونسی ئاشكراكرد كە گومان دەكرێت هێرشبەری سەرەكیی ڕووداوەكە بووبێت.

بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی ئەڵمانی، ئەو هاوڵاتییە بەڕەگەز تونسییە شەش ناسنامەی جیاوازی بەناوی دیكەوە بەكارهێناوەو خۆی بە هاوڵاتی میسری‌و لوبنانی ناساندوە.

دوابەدوای ڕووداوەكە پەنابەرێكی پاكسانی لەنزیك شوێنی ڕووداوەكە بە گومانی ئەوەی شۆفێری‌ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكە بوو بێت دەستگیركرا، بەڵام دواتر دەركەوت بێ تاوانەو ئازادكرا.

ئەو هاوڵاتیە تونسیە تەمەن 24 ساڵەی كە ئەمڕۆ لەئیتاڵیا كوژرا، لەساڵی 2015 داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا كردوە، بەڵام لەمساڵدا داواكەی رەتكراوەتەوە.

پێشتریش حكومەتی ئەڵمانی 100 هەزار یۆرۆی تەرخان كرد بۆ هەركەسێك كە زانیارییان لەسەر ئەو گومانلێكراوە تونسییە پێبدات‌ تا دەستگیری بكەن.

دوای ڕووداوەكە دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە ڕاگەیاندو ئاشكرای كرد ئەو هێرشە لەچوارچێوەی بەدەنگەوەهاتنی بانگەوازی خەلیفەكەیانە بۆ بەئامانجگرتنی ئەو وڵاتانەی لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیدان دژ بەرێكخراوەكەیان
XENDAN -
Top