فڕۆكەكانی توركیا لەماوەی 24 كاتژمێردا 88 هاوڵاتی مەدەنییان لەسوریا كوشتووە

فڕۆكەكانی توركیا لەماوەی 24 كاتژمێردا 88 هاوڵاتی مەدەنییان لەسوریا كوشتووە
لانیكەم 88 هاوڵاتی مەدەنی لەئاكامی بۆردومانەكانی توركیا لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوو بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش لەباكوری سوریا كوژراون، ئەوەش بەخوێناویترین هێرشی توركیا دادەنرێت لەوكاتەی چۆتە ناو خاكی سوریاوە.

ڕوانگەی سوریی بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند"لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا دوێنی لەشاری باب، 72 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون كە 21 منداڵیان تێدایە".

ئەو بۆردومانانەی فڕۆكەكانی توركیا بۆ ئەمڕۆش بەردەوام بوو، بەو هۆیەوە 16 هاوڵاتی دیكەش گیانیان لەدەستداوەو سێ لەقوربانییەكان منداڵان.

"88 هاوڵاتی مەدەنی لەماوەی 24 كاتژمێردا كوژراون" رامی عەبدولرەحمان سەرۆكی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەكانی مرۆڤ وا دەڵێت.

ئاماژە بەوەشدەكات ئەوە خوێناویترین هێرشی هێزەكانی توركیایە كە گروپەكەیان تۆماریكردبێت لەو كاتەوەی ئەنقەرە دەستێوەردانی سەربازیی لەسوریا ئەنجامدا لەمانگی ئابی ئەمساڵەوە.

ڕوانگەی سوریی دەڵێت كە ئەوان لەڕێی جۆری فڕۆكەو ناوچەو جۆری موشەك‌و نمونەی فڕۆكەكانەوە دیاریی دەكەن كە فڕۆكەی كام لایەنە بۆردومانەكان ئەنجام دەدات.

ماوەی چەند هەفتەیە هێزەكانی توركیاو چەكدارە ئۆپۆزسیۆنە هاوپەیمانەكانی لەهەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكەی باب كە 25 كیلۆمەتر دورە لە سنوری توركیاوەو لەژێر دەستی داعشدایە.

دوێنیش داعش ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا دوو سەربازی توركی بەزیندویی تا مردن دەسوتێنرێن، دوای ئەوەی ئەنقەرە پەیمانی دابوو بە وەڵامدانەوە بۆ كوژرانی 16 سەربازی كە لەلایەن چەكدارەكانی ئەو گروپە توندڕەوەوە كوژرابوون.
XENDAN -
Top