رفێنه‌رانی فڕۆكه لیبییه‌كه ده‌ستگیركران
جۆزیف موسكات، سه‌رۆك وه‌زیرانی ماڵتا له چه‌ند تویتێكدا رایگه‌یاندووه "سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی نێو فڕۆكه رفێنراوه‌كه ئازادكراون و رفێنهرهكانیش دوای گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵیان خۆیان راده‌ستى هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه و ده‌ستگیركراون".
جۆزیف موسكات راشیگه‌یاندووه كه رفێنه‌ره‌كان 109 سه‌رنشینیان ئازاد كردووه و قۆناغی یه‌كه‌م بریتی بوونه له ژن و منداڵه‌كان و دواتر سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی تر به‌چه‌ند ئه‌ندامێكی تیمی فڕۆكه‌كه‌وه ئازاد كراون.
به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی یه‌كێك له رفێنه‌ره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه له فڕۆكه دێـته ده‌ره‌وه و ئاڵای لیبیا له سه‌رده‌می موعه‌مه‌ر قه‌زافی به‌رزده‌كاته‌وه و دواتر ده‌چێته‌وه نێو فڕۆكه‌كه.
باڵیۆزی لیبیا له ماڵتا به سكای نیوز عه‌ره‌بیه‌ی راگه‌یاندووه كه سه‌رجه‌م سه‌رنشینانی فڕۆكه‌كه سه‌لامه‌تن و له‌لایه‌ن رفێنهرهكانهوه ئازار نه‌دراون و رزگاركردنی سه‌رنشینه‌كان دوای گفتوگۆ كردن بووه له‌گه‌ل رفێنه‌ره‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ماڵتا و لیبیاوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "رفێنه‌ره‌كان داواكارییان هه‌بووه و به ئه‌رینی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه و دواتر ده‌ستكراوه به دابه‌زاندنی سه‌رنشینه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ردوو رفێنه‌ره‌كه داوای مافی په‌نابه‌رێتی سیاسیان له ماڵتا كردووه".
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌یه‌كی هێلی ئاسمانی ئه‌فریقیا كه له گه‌شتێكی ناوخۆییدا بوو له لایه‌ن دوو كه‌سه رفێنران و ئاراسته‌ی فڕۆكه‌كه‌یان به‌ره‌و وڵاتی ماڵتا گۆڕی.
فڕۆكه له جۆری ئێرپاس ئی 320 بوو و له‌كاتی رفاندنی 118 سه‌رنشینی تێدابوو كه بریتی بون له 7 ئه‌ندانی تیمی فڕۆكه‌كه و 82 پیاو و 28 ژن و منداڵ.
XENDAN
