وەزیری نەوتی عێراق: كورد ڕازی بووە بە كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت
جەبار لوعەیبی، وەزیری نەوتی عێراق دوێنێ لەكۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی ناو رێكخراوی ئۆپیك لەشاری قاهیرە، جەختی لەپابەندبوونی هەرێمی كوردستان كردەوە بەرێكەوتنەكەی ئۆپیكەوە.
كۆتایی مانگی رابردوو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك، گەیشتنە رێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش یەكەمین رێكەوتنی لەو شێوەیەی ئەو وڵاتانەیە لەدوای ساڵی 2008ەوە.
بەپێی رێكەوتنەكە 14 وڵاتەكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە كەم دەكەنەوەو بەوەش كۆی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە كەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.
"كوردستان لەناو عێراقدایەو ئێمەش لەناو رێكەوتنەكەداین" وەزیری نەوتی عێراق بەئاماژەدان بۆ رێكەوتنەكەی ئۆپیك وای وت، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی بلومبێرگ.
بەپێی ئەو وێبسایتە ئابورییە، حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەسەدا 12ی نەوتی هەموو عێراق بەرهەم دەهێنێت، لەرۆژی 5ی ئەم مانگەدا رایگەیاند كە پێشبینی ناكات گۆڕانكاریی گەورە لەكەمكردنەوەی بەرهەمهێنانیاندا بكات بەپێی رێكەوتنەكەی ئۆپیك، كە لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
رۆژی دەی ئەم مانگە، رێكەوتنەكەی ئۆپیك فراوانتر كرا كاتێك بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رێكخراوی ئۆپیك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیك كە 11 وڵاتن، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2001ەوە رێكەوتن بەهاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت سنوردار بكەن ئەوەش بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی كەڵەكەبوونی نەوتی خاو.
عێراق كە دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتی خاوە لەرێكخراوی ئۆپیكدا دوای سعودییە، بەڵێنی داوە كە رۆژانە 210 هەزار بەرمیل كەم بكاتەوە، ئەوەش دەكاتە رێژەی لەسەدا 4.5ی كۆی گشتی بەرهەمەكەی.
هەرچی لەبارەی نەوتی كەركوكەوەیە كە لەساڵی 2014ەوە كەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە رایدەگەیەنێت تا ئێستا هیچ داواكارییەكیان بۆ كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان بەدەست نەگەیشتووە.
ئەحمەد عەسكەر، سەرۆكی لیژنەی وزەو پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەبلومبێرگی راگەیاندوە كە ئەوان هێشتا هیچ داوایەكی فەرمییان بۆ كەمكردنەوەی نەوت بەدەست نەگەیشتووە. ئامادەشن بۆ كەمكردنەوە لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراقدا بگونجێن.
xendAN
