ژمارەیەک هەڵسوڕاوی گۆڕان: "سەرجەم ئۆرگانەکانمان ناشەرعین"
کۆمەڵێک ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەڵەبجە بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە و حزبەکەیان ئاگادار دەکەنەوە لەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی ناشەرعین.
درەو مەھدی، ھەڵسوڕاوی گۆڕان لە شاری ھەڵەبجە و یەکێک لەوانەی واژووی لەسەر بەیاننامەکە کردووە بە باسنیوزی راگەیاندووە، کە ئەوان ماوەیەکی زۆرە داوایان کردووە ھەڵبژاردن بۆ ستافی مەکۆی گۆڕان بکرێت، چونکە لە دوای 12ـی کانوونی یەکەمی 2016ـەوە وادەی یاسایی مەکۆکان بەسەر چووە و ”دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت و ستافی تازە دیاری بکرێت“ و لە ئەگەری بە دەنگەوە نەهاتنی بزووتنەوەکەشیان، ”سەرجەم ستافی گۆڕان لەم سنوورە بە ناشەرعی دەناسین و مامەڵەیان لەگەڵ ناکەین".
بە گوتەی درەو مەهدی، تەواوبوونی وادەی یاسایی کاردکردنی مەکۆ و دەستەکانی بزووتنەوەکە لەو بەروارە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان تەواو بووە و بە پێویستیشی زانی ”سەرجەم مەکۆکانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە بێنە دەنگ“.
هەروەک ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان رایگەیاند، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان ”پێشنیازی دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ناوخۆیی کردووە، بەڵام خۆ ئەمە تەنھا پێشنیاز بوو نەک سەپاندنی بڕیارێکی تاکڕەوانە و دیکتاتۆری“.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەی ھەڵسوڕاوەکانی گۆڕاندا ھاتووە، لەبەر ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا وێڕای ئەنجامدانی چەندین تەکەتولکاری و ململانێی ناسیاسییانە لە لایەن دوو کوتلەی ناو مەکۆی ھەڵەبجە و دروستبوونی بارگرژی لە سنوری مەکۆی ھەڵەبجەدا، ”ئێمە ئەو بەڕێزانەمان بە نوێنەری شەرعی و ھەڵبژێردراوی بزوتنەوەکەمان زانیوە و ھیچ کات ئامادە نەبووین سەرباری ئەو دۆخە ناھەموارە ناوخۆییەی بزووتنەوەکەمان، سەروەری سیاسی و یاسایی بزووتنەوەکەمان و مەکۆکەمان لەکەدار بکەین“.
