”ئێران دەیەوێت ھاوشێوەی موجاھیدین حزبەکانی ڕۆژھەڵات لە ھەرێمی کوردستان دەربکات“
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، لە ماوەی ڕابردوودا، دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بۆ ئەوە کردووە کە ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە خاکی ھەرێمی کوردستان بچنە دەرەوە، ھاوشێوەی دەرکردنی ڕێکخراوی موجاھیدین خەڵقی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە بە پاڵپشتیی حکوومەتی عێراق و لایەنە شیعییەکان ئەنجامیان دا.
لەمبارەیەوە مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک)، ڕایگەیاند: ”ئێمەش بیستوومانە کە ئێران ھەوڵ دەدات، ئەوەی لە ڕێی دۆستەکانیەوە بەرامبەر موجاھیدین خەڵق کردی، لە ھەرێمی کوردستانیشدا بەرامبەر بە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات بیکات، بەڵام بە فەرمی ھیچمان پێ نەگەیشتووە“.
ئەو بەرپرسەی حدک پێی وایە کە تەقینەوەکانی شەوی ٢٠ لەسەر ٢١\١٢\٢٠١٦ی بەردەم بارەگای حزبەکەی لە شاری کۆیە، بەشێکە لە ھەوڵەکانی کۆماری ئێران و ڕاشیگەیاند: ”تیرۆری ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لەدایک بووە. لە ھەرێمی کوردستانیشدا کار بۆ ئەوە دەکات، چەندین جار گوتوویانە کە ئەگەر ھێزەکانی ڕۆژھەڵات چالاکییان ھەبێت، لەھەر جێیەک بن، زیانیان پێ دەگەیەنین“.
لە کۆتاییشدا مستەفا مەولوودی ئەوەی دووپات کردەوە: ”ئێمە لەسەر خاکی خۆمانداین. بە فەرمی ئەو داوایەمان لێ نەکراوە، بەڵام ئەگەر داوای لەو جۆرە بکرێت، ئەوا ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت، ھیوادارین ئەو حاڵەتە ڕوو نەدات“.
لەلایەن خۆشیەوە محەمەد نەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حزبی دیموکراتیی کوردستانی ئێران (حدکا) ڕایگەیاند: ”ھەوڵەکانی ئێران لەبارەی گوشارخستنە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئێران شتێکی تازە نییە و بەردەوامە، بەڵام ئەوەی کە تا چ ئاستێک دەتوانێت لەو سیاسەتەی سەرکەوتوو بێت، ئەوا ھەوڵەکانی نەزۆکە و ھیچ ئەنجامێکی بەدواوە نابێت“. گوتیشی: ”سیاسەتی ئێمە لە بەرامبەر ھەوڵەکانی ئێران ئەوەیە کە بوار نەدەین ئێران بەو ئامانجانەی بگات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ھێشتا بە شێوەیەکی فەرمی ئەو داوایەیان ئاراستە نەکراوە و دووپاتی کردەوە کە لایەنەکانی ڕۆژھەڵات لە ھەرێمی کوردستاندا لەسەر خاکی کوردستانن و بە خاکی خۆیانی دەزانن.
پێشتر لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، دوای فشارێکی زۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆردومانکردنی ماوە نا ماوەی کەمپەکانی موجاھیدین خەلق، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی پەنابەرانی جیھانی (IOM)، تەواوی ئەندامانی موجاھیدین خەڵقی بۆ وڵاتی ئەلبانیا گواستنەوە.
باسنیوز
