لەسەر ناوزڕاندن سزای دارایی بەسەر سۆران عومەردا سەپێندرا

 لەسەر ناوزڕاندن سزای دارایی بەسەر سۆران عومەردا سەپێندرا
لەسەر ناوزڕاندن، سزای قەرەبووکردنەوە بە بڕێک پارە، بەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستاندا سەپێندرا.

دوای ئەوەی سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە دوێنێ چوارشەممە ٢١\١٢\٢٠١٦، دادگایەکی ھەولێر بڕیاری سزادانی دارایی بۆ دەرکردووە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ لە دادگادا نەیتوانیوە ڕاستیی قسەکانی بسەلمێنێت.

بڕیارەکەی دادگا لەسەر سکاڵای مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بووە، بەرامبەر بە لێدوانێکی پێشووتری سۆران عومەر کە تێیدا ناوی زڕاندووە. بۆیە دوێنێ دادگایەکی ھەولێر بڕیاری سزادانی دارایی بەسەر سۆران عومەردا سەپاندووە، بەڵام بڕیارەکە ھێشتا ھەندێک ڕێکاری یاسایی ماوە.

ھەر بەپێی زانیارییەکان، دادگای ھەولێر پسپۆڕی دیاری کردووە و دواتر بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دارایی بەسەر سۆران عومەردا سەپاندووە، ھەرچەندە ئەو بڕەی وەک قەرەبوو دیاریکراوە، کەمتر بووە لەو بڕەی کە سکاڵاکار داوای کردووە.

قەرەبووەکە بەرامبەر ئەو زیانەیە کە مەسروور بارزانی بەھۆی قسەکانی سۆران عومەرەوە پێی گەیشتووە و ناوی زڕێندراوە، چونکە قسەکانی ڕاست نەبوون و نەیتوانیوە ڕاستی و دروستیی قسەکانی بسەلمێنێت.

لە ڕووی یاساییەوە، ئەگەر بڕیارەکەی دادگا قۆناغە یاساییەکانی بڕی، بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن سزاکە جێبەجێ دەکات کە بڕێک پارەی دیاریکراوە، ئەگەر خۆی ئامادەبێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات، ئەوا کێشەیەک نابێت، بەڵام ئەگەر ئامادە نەبێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات، ئەوا ڕێوشوێنی تایبەت ھەیە کە مووچەی مانگانەی یان موڵک و ماڵی (ئەگەر ھەبێت)، لە لایەن دادگاوە دەستی بەسەردا دەگرێت و دواتر دەفرۆشرێت.













باسنیوز
Top