رێکخراوی مافی مرۆڤ: گرووپەکانی سەربە پەکەکە منداڵان چەکدار دەکەن
رێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ رەخنە لە بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕەکان لە عێراق دەگرێت و رایدەگەیەنێت، کە چەکدارانی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) منداڵان چەکدار دەکەن.
بەپێی بەیاننامەیەکی رێکخراوی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)، کە رۆژی پێنجشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2016 بڵاو کراوەتەوە، پێویستە پەکەکە بە چەکدارکردنی منداڵان رابگرێت و سەرکردە مەیدانییەکانی تێبگەیەنێت، کە بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕەکاندا، ”تاوانی جەنگییە“.
هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە نوێنەرەکانیان لەگەڵ چەندین منداڵی شنگال دواون و دەرکەوتووە بەشێکیان نێردراونەتە بەرەکانی شەڕ و بەشێکیشیان پاسەوانییان پێکراوە یاخود چەکیان پێ خاوێن کراوەتەوە.
ریکخراوەکە ئاشکراشی دەکات، کە تێبینیی 29 منداڵیان کردووە، کە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە چەکداری کردوون، بەڵام چوار منداڵ لەوانە هەڵاتوون و ریزەکانی هەپەگەیان بەجێ هێشتووە.
هیومان رایتس وۆچ بەکارهێنانی منداڵانی ژێر 15 ساڵ لە هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت بە ”تاوانی جەنگ“ هەژمار دەکات، بەڵام بۆ بزووتنەوە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە پێوستی دەزانێ چەکدارەکان لە 18 ساڵ کەمتر نەبن، ئەگەرناا بزووتنەوە یان گرووپەکە روووبەڕووی تۆمەتی ”ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەبێتەوە“.
رێکخراوەکەی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ساڵی 2013، 20 کچ و کوڕی خوار تەمەنی 18 ساڵی لە شاری هەڵەبجەوە چوونەتە ریزەکانی پەکەکە و 38 منداڵی دیکەش لە هەمانس اڵ، لە ریزەکانی پەکەکە هەڵاتوون و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
وەک لە بەیاننامەکەدا، هاتووە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە ناوچەی سەردەشتی شنگال و لە مانگی شوباتی رابردوو، گەریلاکانی هەپەگە بە توندی لە کچە گەریلایەکی 13 ساڵییان داوە، کە هەوڵی راکردنی لەنێو هەپەگەدا داوە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ هەروەها رایگەیاندووە، کە تێبینیی بە چەکدارکردنی 20 منداڵیان لە ریزەکانی یەکینەکانی بەرگری شنگال (یەبەشە)، کە میلیشیایەکی سەر بە پەکەکەیە، کردووە، وێڕای بەکارهێنانی قوتابخانەی ناوەندیی تەئمیمی کوڕان وەک بارەگایەکی سەربازی.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە بەشێک لەو منداڵانەی چوونەتە ریزی میلیشیای یەبەشە، کە تەمەنیان لە خوار 15 ساڵیشەوە بووە و حکوومەتی عێراقیش چەک و مووچەیان بۆ دابین دەکات، لە چوارچێوەی بودجەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
