لایه‌نه‌كان: پەیامی بارزانی باشترین دەرفەتە؛ حه‌ق نییه‌ كه‌س مه‌رجی هه‌بێ

 	 لایه‌نه‌كان: پەیامی بارزانی باشترین دەرفەتە؛ حه‌ق نییه‌ كه‌س مه‌رجی هه‌بێ
هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێشخەریی (سه‌رۆك بارزانی) بە گرینگ ده‌زانن و پێیان وایە، دەرچەیەکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانە سیاسییە ڕزگار ببێت. سه‌ركرده‌یه‌كی یێكێتییش ده‌ڵێ، پەیامەکەی (بارزانی) باشترین دەرفەتە بۆ ئێستای کوردستان، هەرکەسێکیش نەیەتە پێشەوە بە جیددی گفتوگۆ نەکات، بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئه‌ستۆ.



دوای پەیامی (سەرۆک بارزانی) لەبارەی رەوشی ناوخۆی کوردستان، هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێیان وایە، کەشی گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان رەخساوە، (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، ''دەستپێشخەریی (بارزانی) گرینگ بوو، بەتایبەت لەم دۆخەی کوردستاندا کە پێشمەرگە لە بەرانبەر دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی وەستاوەتەوە و، بیانوویشی نەهێشتووه‌تەوە بۆ ئەوەی حزبەکان کۆ نەبنەوە.''

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی جه‌ختی كرده‌وه‌، ''هەرحزبێک بیەوێت یان پێشنیازی هەبێت بۆ کۆبوونەوە یان گفتوگۆ، ئەوا پەیامەکەی (بارزانی) باشترین دەرفەتە بۆ ئێستای کوردستان، هەرکەسێکیش نەیه‌تە پێشەوە و بە جیددی گفتوگۆ نەکات، بەرپرسیارەتی دەکەوێتە سەرشان.''



بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، گۆڕاوه‌

(حەسەن ساڵح) هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری ئەو حزبەیه‌ لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "هیوادارین ئەم پەیامەی (بارزانی) ببێتە مایەی پێکەوەسازان و گفتوگۆ لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا، چونکە ناکرێت خەڵکی کوردستان ببنە قوربانی، بۆیە هیوادارین هەنگاوی جیددی بنرێت بۆ پەیامەکەی (بارزانی) و کوردستان لە چەقبەستوویی سیاسی ڕزگاری ببێت.''

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، "دوای پەیامەکەی (بارزانی) و گەڕێکی گفتوگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆڕانکاری لە هەڵوێستی گۆڕاندا وه‌به‌رهاتووە، چونکە پێشووتر دانیشتنی رەت دەکردەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: ''دەبێت کەشێکی ئارام بۆ بواری سیاسیی کوردستان بگەڕێتەوە تا حزبەکان بتوانن پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن.''



حه‌ق نییه‌ هیچ لایه‌ك مەرجی پێشوەخته‌ی هه‌بێ

لای خۆیشییەوە (عەبدوڵڵا وەرتی) گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند: ''پەیامەکەی (بارزانی) دۆخی کوردستانی زۆر هێور کردەوە، چونکە حزبەکان وایان لێهاتبوو کە ئامادە نەبوون لەگەڵ یەکدیدا کۆ ببنەوە، ئێستا کە ئامادەییان نیشان داوە و کۆبوونەوە دەکرێت، حەقە هەموو لایەک بەدەم بانگەوازەکەوە بێن و لە بەشێک لە داواکارییەکانی خۆیان خۆش بن و مەرجی پێشوەختە نەخرێتە بەردەم کەس.''

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەیشی دا، "(بارزانی) لە کاتێکدا ئەو پەیامەی راگەیاند کە خەریک بوو درزێکی گەورە ده‌كه‌وته‌ نێو ماڵی کوردستانه‌وه‌، هەندێک لایەن لە عێراق و لە دەرەوەش ئەمەیان قۆستبووەوە، بۆیە پەیامی (بارزانی) ئەو نیگەرانییەی رەواندەوە".

(وه‌رتی) دەشڵێ، تاڕادەیەکی باش لایەنەکان بەدەم پەیامەکەی (بارزانی)یەوە هاتن و پێشوازییان لێی کرد، بۆیە دەبێت لاپەڕەیەکی تازە لە پێوەندییەکان بکرێتەوە.''

kdp-
Top