حکوومەتی هەرێم تۆمەتەکانی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رەت دەکاتەوە
هەرێم، بەگوێرەی یاسا کار بۆ نەهێشتنی بارزگانیکردن بە مرۆڤ دەکات
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە سەبارەت بازرگانی بە مرۆڤ و رایدەگەیێنێ، لە مانگی حوزەیرانی 2016 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راپۆرتێکی سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کوردستان بڵاو کردەوە، لەم بارەیەوە رۆژی 19ی دیسیمبەری 2016 لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی لەسەر بابەتەکە و ئەو تۆمەتانە کرد کە لە راپۆرتی ناوبراودا ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم کراون.
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردهوه کە حکوومەتی هەرێم كار بەو یاسا و رێنماییانە کە لەم بوارەوە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت و بریتییە لە یاسای نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤی عێراقی ژمارە (28) لە ساڵی (2012)کار دەکات و لەم رووەوە لەگەڵ رێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێم کار دەکات بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتن و رووبەرووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە هەمان کاتدا پابەندە بە بنبڕکردن و نەهێشتنی رێگاکانی ئەنجامدانی ئەو کارە و ئەو کەسانەی ئەنجامی دەدەن یان رێگا خۆش دەکەن بۆ ئەنجامدانی، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی باڵا لە حکوومەتی هەرێم پێکهاتووە بە فەرمانی ژمارە (8322 لە رێکەوتی 16/5/2016) و لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە بۆ بەدواداچوون سەبارەت بە نەهێشتنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان. لیژنەی ناوبراو هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە ناوخۆییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات وەک رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی رەوشی رەوشی کرێکارە بیانییەکان کە لە کوردستاندا کار دەکەن و پاراستنی گشت مافەکانیان، لەم رووەوە چەندین پێشنیاز خراونەتە روو و یەکێک لەوانە بریتییە لەوەی ئەو کرێکارە بیانیانەی توانای کارکردنیان هەیە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکانیان دووبارە بە کار بخرێنەوە، لەگەڵ چەندین رێوشوێنی دیکەی پێویست کە لیژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری یاسایی ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان تایبەتن بە هێنانی کرێکارانی بیانی.
هەر پێوەست بە کرێکارانی بیانی لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دهڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری پێشکەش بەو کۆمپانیایانە دەکات لە بارەی وەرگرتنی ڤیزا و هێنانیان، لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکان بەرپرس دەبن لەسەر گەڕانەوەی کرێکاری بیانی بۆ وڵاتی خۆی بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی ڤیزاکەیان و، هەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێت یان سەرپێچی ئەو رێنمایییانە بکات کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەریانکردووە، سزا دەدرێت بە بڕی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی، هەروەها بەرپرس دەبێت لە گەڕانەوەی کرێکارەکە و ئەنجامدانی هەماهەنگی پێویست لەگەڵ فڕۆکەخانە و خاڵەکانی پشکنین لە سنوورەکان بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەیان.
بۆ ئەوەی لیژنەی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کارەکانی خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات، چەند لیژنەیەکی دیکەی لاوەکی لە وەزارەتی ناوخۆ پێک هێنران؛ بۆ نموونە بەپێی فەرمانی ژمارە (9386 لە 31/5/2016 ) لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی پێکهات بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی کارگێڕی ناوچەکە بۆ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع لێکۆڵینەوەی پێویست لەو بوارەوە بکەن، بە هەمان شێوە لیژنەیەکی دیکەی تایبەت پێک هێنرا لە وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانی ژمارە (573 لە 19/7/2016) بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند حاڵەتێکی بازرگانیکردنی ناشەرعی تایبەت بە ئافرەتان لەنێو کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە پارێزگای دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی کاروباری مرۆیی لە پارێزگای دهۆک (کە زۆرترین ژمارەی ئاوارە و پەنابەری لێیە) بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانەی کە لە ئەنجامی شەڕی داعش روویان لەو پارێزگایە کردووە.
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پێوەست بە کوردانی ئێزدی وەڵامی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە کە پێکهاتەی ئێزدی بەشێکی گرینگی کۆمەڵگای کوردستانین کە رووبەرووی هێرشی دڕندانەی داعش بوونەوە و زۆرترین رێژەی ئاوارەکان پێک دەهێنن ئەوانەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەشێک لە قوربانیانی ئەم هێرشە ئافرەتە ئێزدییەکان بوون کە ژمارەیەکی زۆریان رفێندران و لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە سەبایە بردران و لە مووسڵ و رەققە بازرگانییان پێوە کرا، بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانیان حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ و هاتنی ئاوارەکان پلانێکی بەپەلەی بۆ یارمەتیدانیان دانا.
بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (2809) ئێزدی رزگار کراون
سەبارەت بە کەیسی ئافرەتە ئێزیدییە رفێندراوەکان لەلایەن داعشەوە، لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای کرد، رۆژی 25 ی تشرینی دووەمی 2014 حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی دامەزراند تایبەت بە بەدواداچوونی کەیسەکە و هەوڵەکان بۆ زانینی چارەنووسیان و رزگارکردنیان لیژنەکە لە لیکۆلینەوەکانیدا پابەندە بە بەها و پرەنسیپە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان دەربارەی رەوشی ئەو ئافرەتانە ئێزدیانەی کە لەلایەن داعش ڕفێندران و ئەوانەی تا ئێستا رزگار کراون، هەروەها تیشکی خستۆتە سەر پێداویستییە تایبەتیەکانیان لە هەموو روویەکەوە، چونکە ژمارەی ئێزیدیە رفیندراوەکان (6413) کەس بوو لەوانە (3543)یان ئافرەت بوون بەپێی دوایین سەرژمێری تاکو رۆژی 1/11/2016 بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (2809) لەوانەی رفێندرا بوون رزگار کراون لەوانە (1019)یان ئافرەت بوون دوای ئازادکردنیشیان حکوومەتی هەرێم چەندین بنکەی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ئافرەتەکان و نیشتەجێبوونیان دامەزراوە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە، لە هەمان کاتدا حکوومەت هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بە مەبەستی هاندانی پیاوانی ئایینی ئێزیدی بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەتانە و شیاندنەوەیان لەنێو کۆمەڵگادا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵ و کۆششی بەردەوامدایە بۆ کۆتایی پێهێنان بەو مەینەتیانەی دووچاری ئێزیدییەکان بووە بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی رفێدراون و هێنانە دیی بارودۆخێکی گونجاو و دابینکردنی داهاتوویەکی گەش و پتەوکردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێو پێکهاتەکاندا سەرەڕای جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی نێوانیان.
kdp-
