فراكسیۆنی پارتی ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی به‌رده‌م باره‌گای حدك ده‌كات

فراكسیۆنی پارتی ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی به‌رده‌م باره‌گای حدك ده‌كات
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی دوێنێ شه‌وی به‌رده‌م باره‌گای حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆیه‌ ده‌كات و هاوخه‌می خۆیان بۆ خەباتگێڕانی ئه‌و حزبه‌ و كه‌سوكاری قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌كان راده‌گه‌یه‌نن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێك، فراكسیۆنی پارتی هیواخوازه‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ی مه‌به‌ستییان شێواندنی هێمنی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌، دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و داواش ده‌كه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵسن و ئەنجامدەرانی ئەو كردەوانە دەستگیر بكەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی:

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئیدانەی تەقینەوەكانی بەردەم بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستان دەكات

كاتژمێر (10)ی شەوی سێشەممە ڕێكەوتی (20/12/2016) لە بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك)، لە شارچۆكە كۆیە، دوو تەقینەوە ڕوویاندا و بوون بە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان.

ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی ئەو تەقینەوانە، هەروەها هاوخەمی خۆمان بۆ خەباتگێڕانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و كەسوكار و هاوڕێیان و هاوخەباتانی شەهیدەكان دەردەبڕین و هیوای زوو چاكبوونەوەیش بۆ بریندارەكان دەخوازین.

هەروەها هیوادارین ئەو كردەوانەی كە ئامانجییان شێواندنی هێمنی و ئاسایشی هەرێمی كوردستانە دووبارە نەبنەوە، داواكاریشین دەزگە ئەمنییەكانیش بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە بە ئەركی خۆیان هەڵسن و ئەنجامدەرانی ئەو كردەوانە دەستگیر بكەن.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
k24 -
Top