سەرۆكی پەرلەمان: ئەنجامدەرانی تەقینەوەكانی‌ بەردەم بارەگای‌ حدك بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێن

سەرۆكی پەرلەمان: ئەنجامدەرانی تەقینەوەكانی‌ بەردەم بارەگای‌ حدك بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێن
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوادەكات لایەنە پەیوەندیدارەكان، بە زووترین كات لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكانی بەردەم بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان لەشاری كۆیە بكەن‌و ئەنجامدەرانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن.

شەوی‌ رابردوو بەهۆی‌ دووتەقینەوەوە لە بەردەم بارەگایەكی‌ حزبی‌ دیموكراتی‌ كورستان(حدك) لەكۆیە شەش كەس گیانیان لەدەستدا، كە پێنجیان ئەندام و پێشمەرگەی‌ حزبەكەن و ئەوەی‌ دیكەشیان ئەندامی‌ هێزەكانی‌ ئاسایش بوو.

د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆخەندان نێردراوە، سەرەخۆشی لە بەرپرسانی حزبی دیموكرات‌و خانەوادەی شەهیدان، دەڵێت"هیوادارین لایەنە پەیوەندارەكان، بە زووترین كات لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بكەن و ئەنجامدەرانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە سكرتێرو ئەندامانی دەفتەری سیاسی حدك دەڵێت"لای بەڕێزتان ئاشكرایە، لە مێژووی خەباتی سیاسی كورددا، هەمیشە دوژمنان، ویستوویانە لە رێگەی تیرۆر و ڕەشە كوژییەوە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان سەر كوت بكەن. بەڵام هەمیشە خەباتی ڕەوای كورد بۆ ئازادی، لە گەشەكردن و بەرفراواندا بووە".

تەقینەوەكان، دەوروبەری‌ كاتژمێری‌ 10ی‌ شەوی رابردوو لەبەردەم هۆڵێكی‌ حزبی‌ دیموكراتی‌ كورستان روویاندا، بەوتەی‌ حزبی‌ دیموكرات‌، لەوكاتە لە هۆڵەكەدا بۆنەی‌ یادی‌ لە دایكبونی‌، د.قاسملو، بەڕێوەچوەوە بەشدارانی‌ بۆنەكە بەرەو ماڵەوە گەڕاونەتەتەوە.

تەقینەوەی‌ یەكەم لەبەردەم دوكانێك بووە لەبەردەم هۆڵەكە، كە زیانی‌ لێنەكەتوەتەوە.

چەند خولەكێكی‌ كەم، دوای‌ ئەوەی‌ خەڵكی‌ بەهۆی‌ دەنگی‌ تەقینەوەكە لە هۆڵەكە هاتونەتەدەر، تەقینەوەی‌ دووەم لەبەردەم هۆڵەكە ڕوویداوە، بەهۆیەوە شەش كەش گیانیان لەدەستداوە‌و چواركەسیش برینداربوون.

xendan -
Top